كردنەوەی ئاگری نەورۆز لە ئێوارەی 20ی مانگی ئازاری هەموو ساڵێك وەك جەژنێكی نەتەوەیی و سەری ساڵی كوردی، بووەتە نەریتێك لە هەموو ناوچەكانی كوردستان، بۆ ئەمساڵ بەهۆی رێوشوێنییەكانی دژی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەرگیراون، ئەو نەریتە سنووردار كرا و بێ كردبوونەوەی خەڵك بەڕێوە چوو، بەڵام لەسەر قەڵای هەولێر خەڵكێك لەخۆشی و گەورەیی بۆنەكە ئەو رێنوێنییان شكاند و پارێزگای هەولێریش باسی سزادانیان دەكات.
ئەوانەی رێنوێنییەكان دەشكێنن سزا دەدرێن
وەك لە راگەیندراوێكی پارێزگای هەولێر لەو بارەوە هاتووە:
1- دوێنێ 20/3/2020 بڕیار وابوو بە ئامادەبوونی تەنیا هەشت كەس و بە شێوەیەكی سمبولیك، ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای هەولێر بكرێتەوە، بەڵام بەهۆی كەمتەرخەمیی چەند كەس و لایەنێك، جگە لە ژمارەیەكی زۆری كەناڵەكانی راگەیاندن، خەڵكێكی تریش لەوێ ئامادە بوون، ئەمڕۆ پارێزگاری هەولێر لێكۆڵینەوەی لەو هەڵەیە كرد و چەند كەسێك سزا دران.
2- بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ڕاوێژ لەگەڵ پارێزگاكان، بۆ كارئاسانی هاووڵاتییان و دابینكردنی هەندێك پێداویستی، سەعات 12ی شەو تا پێنجی بەرەبەیان دیاری كرا بوو بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن بە سنوورداری هاتوچۆ بكەن، بەڵام دیارە ئەمە لەلایەن خەڵكانێك بۆ گەشت و سەیران قۆستراوەیەوە و شەوی ڕابردوو كۆمەڵێك خەڵك لە هەولێر چوونەدەر، بۆیە بڕیارمان دا لە ئەمڕۆ بە دواوە بوار بە هیچ كەس نەدرێت لە دوای سەعات 12ی شەو هاتوچۆ بكات، چ ئەوانەی لە هەولێر دەردەچن، یان ئەوانەی دەیانەوێ بگەڕێنەوە، لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆ رێكاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتە بەر و غەرامە دەكرێن و سزا دەدرێن. بۆیە داوا لە هەموو لایەك دەكەین پابەند بن.