كۆرۆنا لە عێراق زیاد دەكات و هۆكارەكانی زیادبوونی ئاشكرا دەكرێت

:: PM:08:24:21/03/2020 ‌

وەزارەتی تەندروستی عێراق رای گەیاند كە 21 حاڵەتی نوێی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و سێ مردنیان تۆمار كردووە، بەوەیش كۆی ژمارەی تووشبوون گەیشتووەتە 214 و مردووانیش 17، لەوكاتەی عەلی بەیاتی، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ هۆكاری زیادبوونی حاڵەتەكانی ئاشكرای كرد و بەپێویستی زانی رۆژانە دوو سەعات رێگە بە هاتوچۆی هاووڵاتییان بدرێت. 
پێویستە رێوشوێنەكان توندتر بكرێن
بەیاتی ئەمڕۆ شەموو گوتی، هۆكاری سەرەكیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق یەكلا نەكردنەوەی و كۆنترۆڵ نەكردنی دۆسیەی گەڕاوەكانە لە وڵاتانی ڤایرۆسەكەیان تیادا بڵاو بووەتەوە و دوای 15ی ئەم مانگە هێشتە رێگە بە گەڕانەوەیان دەدرێت.

زیاتر گوتی، هۆكاری دووەم بریتییە لە گرنگی نەدانی وەزارەتی تەندروستی و نەخۆشخانەكان بە دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ پاراستنی تیمەكانی پزیشكی، بەوەیش ژمارەیەكیان تووشی ڤایرۆسەكە بوونەتەوە، هۆكاری سێیەمیش پابەند نەبوونە بە گردبوونەوە و بەردەوامیانە، بە تایبەتی لە بۆنە ئاینییەكاندا، بۆیە پێویستە سزای دارایی بەسەر ئەواندا بسەپێندرێت.

ئەو بەرپرسەی مافی مرۆڤ دووپاتی كردەوە كە پێویستە رۆژانە بۆ ماوەی دوو سەعات رێگە بە هاتوچۆی هاووڵاتییان بدرێت لەكاتی قەدەغەی هاتوچۆدا بۆ دابینكردنی پێویستییەكانیان، چونكە رەنگە دۆخەكە بەو شێوەیە درێژ بكێشێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل