كۆرۆنا.. عێراق لەبەردەم دوو هەفتەی یەكلاكەرەوەدایە

:: PM:10:48:21/03/2020 ‌

نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق وریایی لە بەردەوامبوونی هاووڵاتییان لە پابەند نەبوون بە رێوشوێنەكانی خۆپارێزی و رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەدات و ئاشكرای دەكات كە ئەگەر وا بڕوات لە دوو هەفتەی داهاتوو عێراق دەبێتە سەرچاوەیەكی پەتاكە و ناوچەیەكی مەترسیدار.  
قەبارەی راستەقینەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە عێراق دەردەكەوێت
عەدنان نەوار، ئەمڕۆ شەموو گوتی، بەردەوامبوونی عێراقییەكان لە پابەند نەبوون بە رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە بەرانبەر ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاماژەی روودانی كارەساتێكی مەترسیدارە بۆ هاووڵاتییانی عێراق و ناوچەكەیش، ئەو ژمارەی تووشبوو و قوربانیانی ڤایرۆسەكە كە ئێستە لە عێراق تۆمار دەكرێت مەترسی نین، بەڵام لە دوو هەفتەی داهاتوودا بەرز دەبنەوە و ئەوكات بە تەواوەتی ئاشنای قەبارەی راستەقینەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە عێراق دەبین. 

زیاتر گوتی، رێكخراوی تەندروستی جیهانی چاودێریی دۆخی عێراق لە دوو هەفتەی داهاتوو دەكات و ئەندامانی رێكخراوەكە هەست بە مەترسییەكی گەورە دەكەن لە رۆژانی داهاتوو و زانینی قەبارەی راستەقینەی بڵاوبوونەوەی پەتاكە. 

ئەمڕۆ شەموو وەزارەتی تەندروستی عێراق رای گەیاند كە 21 حاڵەتی نوێی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و سێ مردنیان تۆمار كردووە، بەوەیش كۆی ژمارەی تووشبوون گەیشتووەتە 214 و مردووانیش 17 حاڵەت.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل