بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی داوای درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ دەكات و پێی وایە ئەگەر قەدەغە بشكێنرێت، دەگەڕێینەوە خاڵی سفر.
ئەگەر قەدەغەی هاتوچۆ بەتەواوی بشكێنرێت، دەگەڕێینەوە خاڵی سفر
ئەمڕۆ پێنجشەم سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، ئەگەر قەدەغەی هاتوچۆ بەتەواوی بشكێنرێت، دەگەڕێینەوە خاڵی سفر.
ئەو گوتەیەی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە كاتێكدایە سبەی كۆتا بە قەدەغەی هاتوچۆ دێت لە هەرێمی كوردستان و پێشبینی درێژكرنەوەشی دەكرێت.
لە چاوپێكەوتنێكی قایمقامی هەولێریش ئەمڕۆ ئاشكرای كردبوو، داوامان كردووە بۆ ماوەی دوو هەفتەی تر قەدەغەی هاتوچۆ درێژ بكرێتەوە تا بە تەواوەتی ڤایرۆسەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت.
ئێستە لە كوردستان 310 كەس تووشی كۆرۆنا بوون، 128 كەس چاك بوونەتەوە، بەهەمان ڤایرۆس سێ كەس لە سلێمانی مردوون.
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستە دوو جار بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی درێژ كردووەتەوە و پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆ یان سبەی جارێكی تر قەدەغەی هاتوچۆ درێژ بكرێتەوە.