بە فەرمی.. سەرۆک کۆمار مستەفا کازمی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ راسپارد

:: PM:12:27:09/04/2020 ‌
 دوای دەست لەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی، زورفی دەبێتە دووەمین كەسایەتی لەلایەن سەرۆك كۆمار بێتە راسپاردن بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەت، بەهۆی نەبوونی پشتگیری ناوماڵی شیعە شكست بهێنێت. مستەفا كازمی پێش راسپاردنی لەلایەن بەرهەم ساڵح، پشتگیری ناوماڵی شیعە و سوننە و كوردی هەیە، ئەوەی دەمێنێتەوە گفتوگۆكان و رێككەوتنە لەسەر پشكی لایەنەكان لە حكوومەتەكەی كازمی.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، مستەفا كازمی وەك كاندید بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق راسپارد.

لە كۆشكی كۆماری بە ئامادەبوونی زۆرینەی سەركردە سیاسییەكانی عێراق و حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان و عەدنان زورفی و مستەفا كازمی، دوای پاشەكشەی عەدنان زورفی لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بە فەرمی مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق راسپارد.

لە مەرسوومی كۆماری سەرۆكایەتی كۆمار هاتووە، بەهۆی دەست لەكاركێشانەوە و پاشەكشەی عەدنان زورفی لە پێكهێنانی كابینەی حكوومەت، بەپشتبەستن بە مادەی 76ـی دەستووری عێراق، بە فەرمی مستەفا عەبدولەتیف كازمی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق راسپارد و پێویستە لە ماوەی 30 رۆژ، لە رۆژی دەرچوونی مەرسوومی كۆماری پێویستە كابینەی حكوومەتەكەی بباتە پەرلەمان.

لە خاڵی دووەمی بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی كۆمار هاتووە، كە مەرسوومی راسپاردنی كازمی لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەكرێت و لە رۆژنامەی فەرمی بڵاو دەكرێتەوە.

کورد، سوننە و شیعە پشتگیری لە کازمی دەکەن


راسپاردنی مستەفا كازمی لە كاتێكدایە لە سەرەتای مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ، لەژێر گوشاری خۆپێشاندەران، عادل عەبدولمەهدی دەستی لە پۆستی سەرۆك وەزیران كشاندەوە، دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 50 رۆژ، بەهۆی رێك نەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر شوێنگرەوەی عەبدولمەهدی، سەرۆك كۆمار، محەمەد تۆفیق عەلاوی راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەت، بەڵام كابینەكەی عەلاوی لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی پێ نەدرا.

دواتر لە 16ـی مانگی رابردوو، سەرۆك كۆمار عەدنان زورفی لە جێی عەلاوی راسپارد، دوای تێپەڕبوونی 24 رۆژ بەسەر كاندیدبوونی، ئەگەرچی كارنامەی حكوومەتەكەیشی بڵاو كردەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پشتگیریی لایەنە شیعەكانی نەبوو، شكستی هێنا.

ئەمڕۆ دوای راسپاردنی كازمی، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح پشتگیری خۆی بۆ كازمی راگەیاند، ئاماژەی بەوە دا كە ئیتر دۆخەكە گەڕاوەتەوە سەر رێچكەی خۆی.

پێش عامری، دوێنێ هاوپەیمانی قەراری عێراقی بە سەرۆكایەتی حەلبووسی، پشتگیری خۆیان بۆ كازمی راگەیاند، هەر شەوی رابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پشتگیری هەرێمی كوردستانی بۆ مستەفا كازمی راگەیاند.

بەپێی ئاماژە سەرەتاییەكان بێت، حكوومەتەكەی كازمی پێ دەچێت كەمترین رێگری و زۆرترین پشتگیری هەبێت، ئەوەی دەمێنێتەوە رێككەوتنیەتی لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان و سوننەكان، بەو پێیەی پشتگیری ناوماڵی شیعەیشی مسۆگەر كردووە.

 






وشە - فه‌رمان سادق