ته‌قینه‌وه‌کەی گوڵاڵە چوار قوربانیی لێ کەوتەوە

:: PM:01:56:09/04/2020 ‌
كه‌مێک پێش ئێستە، له‌ سنووری شاره‌دێی  گولاڵه‌ی سه‌ر به‌ شارۆكه‌ی خانه‌قین، له‌ ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێکی چێنراو چوار جووتیار بوونه‌ قوربانی.

چوار جووتیار بوونە قوربانی

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان، نیهاد محه‌مه‌د گوته‌بێژی پۆلیسی دیاله‌ به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، لە ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێکی چێنراو له‌ كێڵگه‌ی كشتوكاڵیی گوندێكی سنووری شێخ باوه‌ و گوڵاڵه‌  كه‌ به‌ ئوم حونته‌ ناسراوه‌، چوار جووتیار بوونە قوربانی.

ڕوونی کردەوە، دووان لە جووتیارەکان بە سەختی بریندارن و دووانەکەی تریش گیانیان لە دەست دا. گومان ده‌كرێ داعش له‌ پشتی كردەوه‌ تیرۆیستیه‌كه‌وه‌ بووبێت.

لای خۆشییەوە، به‌شیر عه‌بدوڵا ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پێشتری جه‌له‌ولا بۆ "وشه‌" گوتی، لاشەی كوژراو و برینداره‌كان براون بۆ نه‌خۆشخانه‌ی گولاڵه‌ و لەوێ بەدوداچوونی زیاتر لەسەر ڕووداوەکە دەکرێ.

گه‌رمیان / سه‌بری هۆرێنی


وشە - ڕێناس شابان