ئاژه‌ڵ لە مرۆڤەوە تووشی‌ کۆرۆنا دەبێ؟.. هه‌موو زانیارییه‌ك له‌و راپۆرته‌ی‌ "وشه‌" بخوێننه‌وه‌

:: PM:04:19:09/04/2020 ‌
زۆرجار مرۆڤ له‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ تووشی نه‌خۆشیی ده‌بێت و ڤایرۆس وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام له‌ مرۆڤه‌وه‌ بۆ  ئاژه‌ڵ زۆر ده‌گمه‌نه‌. تا ئێسته‌ چوار حاڵه‌تی له‌و جۆره‌ له‌ دنیادا ئاشكرا بوون، ئه‌وانیش تووشبوونی دوو سه‌گ به‌ ڤایرۆس له‌ خاوه‌نه‌كه‌یانه‌وه‌ له‌ هۆنگ كۆنگ، سێیه‌میان پشیله‌یه‌ك بوو له‌ به‌لجیكا، چوارمیان پڵنگێكی مالایی له‌ باخچه‌ی ئاژه‌ڵانی نیویۆرك تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو،ئه‌وه‌ش پزیشكانی تووشی سه‌رسوڕمان كردووه‌.

ئاژه‌ڵی‌ ماڵی‌ له‌ ژێر مه‌ترسی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسی‌ كرۆنایه‌ له‌ مرۆڤه‌وه‌
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م نۆی‌ نیسان، د. پاڤێڵ عومه‌ر قادر پزیشكی‌ ڤێته‌نه‌ری‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ "وشه‌"ی‌ ڕاگه‌یاند، "هەر لە دێر زەمانەوە و لە کاتی دروستبوونی ئەم گۆی زەوییە، مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە وەک زیندەوەری سەرەکی ئەم هەسارەیە پێوەندییان بەیەکەوە هەبووە، سەرەتا وەک خۆراک، دواتر ماڵی کردن، دواتر بوون بە هاوڕێ و سوود وەرگرتن لێیان لە چەندان لایەنی جیاوازەوە هەتا ئەمڕۆکەیش، لە هەمانکاتدا لە ڕووی پزیشکییەوە پێوەندی نێوان هەردوو لایەن هەیە یەکەمین وەک چارەسەر ئێمە چارەسەری گیانداران دەکەین یاخود ئەوانە دەبنە چارەسەر بۆ ئێمە بە تایبەت لە کاتی نەخۆشییە دەروونییەکان، بەڵام دووەمین نەخۆشییە کە پێچەوانەی یەکەمە با باسی  بکەین ئەویش نەخۆشییە هاوبەشەکانی نێوانیانە، زۆر جار مرۆڤ له‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ تووشی نه‌خۆشی ده‌بێت بەهۆکارە جیاوازەکانی نەخۆشی لە بەکتریا، ڤایرۆس، مشەخۆرەکان، کەڕووەکان، چ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئاژەڵ و مرۆڤ یان ناڕاستەوخۆ بە بوونی خانەخوێی یان هۆکاری گوێزەرەوە بۆی دەگوازرێتەوە، بەو نەخۆشییانەش دەوترێت نەخۆشییە هاوبەشەکانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ یان نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان، بە ئینگلیزی پێیدەوترێت Zoonotic Disease یان Zoonoses.".

زیاتر گوتی‌، "سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕاستە سەرەتا ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵەوە گواسترایەوە بۆ مرۆڤ وەک هەموو جارێک بەهۆی هەڵەشەی مرۆڤ و خواردنی ئاژەڵە کێوییەکان وەک هەموومان دەزانین بووە هۆی دروستبوونی جۆرێکی تازەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام بە پێی توێژینەوەکان و ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەم ڤایرۆسە تەنها لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، واتە ناکرێت ئاژەڵێک توشبووبێت و بیگوازێتەوە بۆ مرۆڤ، بەڵام ئەوە چەند کەیسەی کە باس کراون تەواو هاوکێشەکەی پێچەوانەکردەوە و پرسیاری نوێی هێنایە ئاراوە، هەرچەندە زانایان دەڵێن ئە کەیسانە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن و کاریگەرییەکی ئەو تۆیان نییە، بەڵکو تەنها ڤایرۆسەکە لەسەر گیانی ئاژەڵەکە بووە بۆ خۆی تووش نەبووە تەنها هەڵگربووە، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە میکانیزمی گواستنەوەی ڤایرۆسەکەیە و تا ئێسته‌ ئەو ئاژەڵانە هیچیان نەمردوون."

له‌باره‌ی‌ پرسیاری‌ پێشبینیی ده‌كرێت وه‌ك یارمه‌تییه‌كی زۆری دۆخه‌كه‌ سه‌گه‌كان بتوانن له‌ سه‌ره‌تای تووشبوونی كه‌سه‌كان، ڤایرۆسه‌كه‌ بناسنه‌وه‌ گوتی‌، " ڕاستە سەگ لە چەندان بواری پۆلیسی و جیهانی بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردنی تەقەمەنی و مادەی هۆشبەر، یان وەک ڕێنوێنی بۆ کەسانی نابینا کە پێیان دەوترێت (Seeing Dog) بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی زانستی نییە باس لەوەبکات سەگ توانای دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەی هەبێت چونکە تەنها ئامێرە پزیشکییە زۆر وردەکان دەتوانن نەخۆشییەکە دەستنیشان بکات."

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ د.پاڤێڵ ده‌رباره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ هاووڵاتییان له‌م دۆخه‌دا چۆن بتوانن چاره‌سه‌ری‌ ئاژه‌ڵه‌ماڵییه‌كانیان بكه‌ن له‌كاتی‌ نه‌خۆش كه‌وتنیان ڕای‌ گه‌یاند، "ئێمە وەک پزیشکانی ڤێتێرنەریی بەردەوام ڕێنمایی دەدەین بە هاووڵاتییان چ بە پێوەندی تەلەفۆنی چ لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەروەها هەندێک لە کلینیک و نەخۆشخانە ڤێتێرنەرییەکان کراوەن لە کاتێکی دیاریکراودا بۆ چارەسەرکردن و پێداویستیەکانی ئاژەڵان و باڵندەکانیان بەڵام زیاتر لە حاڵەتی لە ناکاو (Emergency) ئەگەر پێویست بکات خۆمان دەچینە سەر کەیسەکە بۆ چارەسەرکردنی."

ڕوونی‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئایه‌ ئاژه‌ڵه‌كان به‌گشتی‌ له‌ مرۆڤه‌وه‌ تووشی‌ نه‌خۆشی‌ ده‌بن، هه‌وره‌ها ئاژه‌ڵی‌ ماڵی‌ چه‌ند له‌ ژێر مه‌ترسی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسی‌ كرۆنایه‌ له‌ مرۆڤه‌وه‌ بۆ ئه‌و، گوتی‌، "بەڵێ، بەڵام ئاژەڵەکان کەمتر لە مرۆڤەوە نەخۆشی دەگرن ئەویش زۆر بەدەگمەن لە مرۆڤە و نەخۆشی بگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵ ئەویش ناو دەبرێت بە Reverse Zoonotic Disease Transmission (Zooanthroponosis)، ڤایرۆسی کۆرۆنا چوار جۆری هەیە کە جۆری ئەلفا و بێتا توشی شیردەرەکان دەبن و جۆری گاما و دێلتا تووشی ماسی و باڵندەکان دەبن، ئەم جۆرەی کە هەیە کۆڤید-19 لە جۆری بێتایە کە پێشتر لە شەمشەمەکوێرەدا هەبووە واتە تەنها مەترسی بۆ سەگ و پشیلە هەیە نەک جۆرەکانی تری ئاژەڵ، بۆ ئەم مەبەستە زاناکان هەستاون بە پێدانی ئەم ڤایرۆسە بە ئاژەڵە ماڵییەکان خۆشبەختانە ڕێژەی تووشبوونی ئاژەڵەکان زۆر کەمبووە ئەویش تەنها چەند پشیلەیەک، ئەوانەی تر ڤایرۆسەکە توانای گەشەکردنی نەبووە لە لەشی ئەو جۆرە ئاژەڵانەدا بەڵام هێشته‌ پێویستمان بە لێکۆڵینەوەی ورد و بەردەوام هەیە.

ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕوو كه‌ تا ئێسته‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هیچ حاڵه‌تێكی‌ وا ڕوویداوه‌، ڕای‌ گه‌یاند، وەک گوتمان ڤایرۆسی کۆرۆنا جۆری زۆرە، ساڵانە نەخۆشی کۆرۆنا لە کێلگەی پەلەوەر هەیە و ناوی نەخۆشییەکە (Infectious Bronchitis : IB) لە کوردستان هەیە هەروەها بۆ ئاژەڵەکانی تریش بە هەمان شێوە بۆ نموونە جۆرێک کۆرۆنا لە پشیلەیە نەخۆشی (Feline Infectious Peritonitis : FIP)، دروست دەکات بەڵام ئەم جۆرە تازەیە خۆشبەختانە تا ئێسته‌ لە هیچ ئاژەڵێکی هەرێمی کوردستان دەرنەکەوتووە. 

ئاشكرای‌ كرد، كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ زۆرترین نه‌خۆشی‌ تووشی‌ ئاژه‌ڵه‌كان بوو بێت له‌ كوردستان چی‌ بووه‌، گوتی‌، "بەگشتی نەخۆشی زۆرە و جۆرەکانی ئاژەڵیش زۆرە ئەگەر بمانەوێت باسی بکەین دوایی نایەت، بەڵام بەکورتی ئەوەی لە ئاژەڵدا باوبوو لەم ماوەیەدا، لە مانگادا نەخۆشی تەبەق، لە مەڕدا نەخۆشی شەلکە، لە بزندا نەخۆشی کڵاوڕەش هه‌بووه‌".

پێشنیاری‌ بۆ لایه‌نی‌ پێوه‌ندیدار كه‌ چۆن ئاماده‌كاری‌ بكه‌ن له‌ كوردستان و لایه‌نی‌ ڤێته‌نه‌ری‌ په‌راوێزی‌ نه‌خه‌ن گوتی‌، "جێگەی ڕێز و سوپاسە بۆ لایەنی پێوەندیدار کە لەم بابەتەدا هەمیشە لە گفتوگۆ و ڕاوێژکاری دا بوون لەگەڵ پزیشکانی ڤێتێرنەری بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتاکە بەڵام تکایە با ئاسانکاریی بکرێت بۆ کۆمپانیا ڤێتێرنەرییەکان چونکە هەر ئەوان دەرمانی پاککژکەرەوەیان (تەعقیم) پێشکەش بە هەمووان کرد، پزیشکانی ڤێتێرنەریی شان بەشانی پزیشکانی مرۆڤ هەوڵیانداوە و لەگەڵ ئەوەیشدا هەروەک ڕوونە یەکەمین کەس کە تاقیگەی دانا بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دوو پزیشکی ڤێتێرنەری بوون، ئەوەی کە لە سەر مەرزەکان ڕێگر بوو لە هاتنەناوەوەی ڤایرۆسەکە هەر پزیشکانی ڤێتێرنەری بوون، بۆیە هیوادارم بەم ماندووبوون و خەمخۆرییە بزانن و دوای ئەم پەتایە پزیشکانی ڤێتێرنەری پشتگوێ نەخرێن و بە پێچەوانەوە پشتگیری بکرێن، یەکەمین بە دامەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و پاشان لەڕووی دابینکردنی پێداویستی سەردەمییانە و دەرمان و ئامێری نوێ بۆ هۆبەکانی پزیشکی ڤێتێرنەری لەسەرجەم شاره‌دێی‌ و شارۆكه‌ و شار و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆتایی دا ئێمەی دکتۆری ڤێت هەمیشە دەڵێین (هەتا تەندروستی ئاژەڵ پارێزراو نەبێت، تەندروستی مرۆڤ پارێزراو نابێت).


وشە - محەمەد میران