دواجار كازمی كرایە كاندید بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، پێشوەختەش پشتگیری كورد و سوننەی لەسەر بنەمای پشتگیری لایەنە شیعەكان بەدەست هێنا. لایەنە كوردستانییەكان كۆكن لەسەر ئەوەی بەیاننامەی پشتگیری سەرۆكایەتی هەرێم بە ئاگاداری و راوێژ بووە، بەڵام هەندێكیان پێیان وایە نەدەبوو پشتگیری بێ مەرجی بكرێت و دەبوو مەرجی داواكارییەكانی كورد لە بەیاننامەكە هەبێت، رای تریش هەیە پێی وایە پێشتر قسەی لەگەڵ كراوە و لە داهاتووشدا دانوستاندن ئەنجام دەدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بە مەرسوومێكی كۆماری مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق راسپارد. پێش راسپاردنی لەلایەن سەرۆك كۆمار، دوێنێ چوارشەم لایەنە سوننەكان لە بەیاننامەیەكدا پشتیوانیان بۆ كاندیدكردنی مستەفا كازمی راگەیاند، شەوی رابردووش نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا پشتیوانی لە كاندیدكردنی كازمی كرد.
نێچیرڤان بارزانی لە بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، ئەم دۆخە سەخت و دژوارەی وڵاتە ئازیزەكەمانی پێدا تێدەپەڕێ، لە هەموومان دەخوازێ ناكۆكییەكانمان بەلاوە بنێین، هەرچی زووترە لەسەر میكانیزمێك بۆ پێكهێنانی حكوومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور و لەسەر بنەمای سازانێكی ڕاستەقینە ڕێكبكەوین كە سەقامگیری و بەتوانایی حكوومەتەكە لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیدا مسۆگەر بكات.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێی وایە گرنگترین ئەركی حكوومەتی نوێ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسی و تەنگژانەیە كە ڕووبەڕووی عێراق بوونەتەوە.
دوای راسپاردنی لەلایەن سەرۆك كۆمار، لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق تاوتوێی كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدایان كرد.
مەسروور بارزانی بۆ کازمی؛ بەیەكەوە كار بكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور
ماڵپەڕی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق ئەنجام دا.
زیاتر روون كراوەتەوە، سەرۆك وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ راسپاردنی كازمی دەربڕی و دووپاتی لەوە كردەوە كە بەیەكەوە كار بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور.
دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئومێدی پێكهێنانی حكوومەتێك دەكات كە بتوانێت خواستی هەموو لایەنەكان جێبەجێ بكات و عێراق لەم دۆخە رزگارر بكات.
ئەوەیشی خستەڕوو كە كازمی چانسی زیاترە لە عەلاوی و زورفی، بەوەی زۆرینەی شیعەكان پشتگیری دەكەن و كورد و سوننەش پشتگیری دەكەن.
كازمی دوای راسپاردنی لە تویتەری خۆی پەیامێكی بە زمانی كوردی بڵاو كردەوە و دەنووسێ، پەیمان دەدەم بەرانبەر گەلە بەخشندەكەم كار بكەم لەسەر پێكهێنانی حكوومەتێك كە خواستی عێراقییەكان بخاتە پێشینەی كارەكانی، سەروەری نیشتمان و مافەكانی بپارێزێت و كار بكات بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكان و ئابووری بەرەوپێش ببات.
لای خۆیەوە بەهار مەحموود سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێ، بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە پشتگیری یەكلاكەرەوەی بۆ كازمی دەربڕیوە، تێبینیمان لەسەری هەیە، نەدەبوو بەو زووییە ئەو پشتگیرییە یەكلاكەرەوەیەی كازمی بكرێت.
زیاتر روونی كردەوە، لە رێی مستەفای سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئاگادار كراینەوە، كۆپییەك لە بەیاننامەكە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان رەوانە كرابوو، گوتی "كاتێك وەك فراكسیۆنی گۆڕان بەیاننامەكەمان بەدەست گەیشت، هەرزوو ئەو سەرنجەمان هەبوو كە نابێت بێ مەرجی دداننان بە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان ئەو پشتگیرییەی كازمی بكرێت، هەوڵمان دا پێوەندی بە سەرۆكایەتی هەرێم بكەین بۆ جێكردنەوەی مەرجەكە، بەڵام بەیاننامەكە بڵاو كرایەوە".
بەهار مەحموود سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ "وشە" ئاشكرای كرد كە پێوەندی لە نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە رێی تەلەفۆنەوە هەیە، بەڵام دیار نییە كۆبوونەوە دەكرێت یان نا. زیاتر گوتی "بە بۆچوونی من دەبێت مەرجی ئەوە لەسەر كازمی دابنرێت كە ددان بە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بنێت، تا دەگات بە پرسی مووچە و بودجە".
ئەحمەدی حاجی رەشید پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی لەوە كردەوە كە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كۆمەڵی ئیسلامی لە بەیاننامەكەی شەوی رابردوو ئاگادار كردووەتەوە. گوتی "هەموومان بەرپرسین بەرانبەر بەو بەیاننامە و پشتگیرییە پێشوەختە، ئێستە لەسەر هەرێمی كوردستان بووە بە ماڵ".
ئەحمەدی حاجی رەشید رەخنەی ئەوەی لە بەیاننامەكە هەیە كە بێ مەرج پشتگیری رەهای بۆ كازمی دەربڕیوە و دەڵێ، لە دنیای سیاسەتدا پشتگیری لەسەر بنەمای نووسراو دەدرێت نەك جەنتڵمانانە و بەڵێنی زارەكی و تەلەفۆنی.
زیاتر گوتی "بەیاننامەكە زیانی زۆرە، ئێستە ناتوانین گلەیی بكەین ئەگەر كازمی لە بەرنامەی حكوومەتەكەیدا پابەند نەبێت بە داخوازییەكانی كورد، هیچ لیستێكی سیاسی عێراقی ناتوانێ لەو پشتگیرییە پاشگەز بێتەوە".
ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵی ئیسلامی دووپات لە هەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكان دەكاتەوە كە پشتگیری لە هەر كاندیدێك دەكەن كە كۆدەنگی شیعەكانی لەسەر هەبێت بە مەرجێك ددان بە مافە دەستوورییەكانی كورد بنێت. زیاتر گوتی "كاتێك محەمەد تۆفیق عەلاوی كاندید كرا، پەرلەمانتارێكی پارتی ئەندام بوو لە نووسینەوەی كارنامەی حكوومەتەكەی عەلاوی، ئینجا هێشتا رازی نەبوون بە داخوازییەكانی كورد، بۆیە كشاینەوە و پشتگیریمان نەكرد، ئێستە كەس نازانێ بەرنامەی حكوومەتەكەی كازمی چییە و چی بۆ كورد تێدایە".
گۆڕان و کۆمەڵ؛ نە دەبوو بێ مەرجی جێبەجێ کردنی داواکارییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پشتگیری رەها لە کازمی بکرێت
بەڵام شیروان میرزا پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی و لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە راوێژ و ئاگاداری سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان بووە، ئەو پشتگیرییە رەهایەش لە كازمی بۆ ئەوە شكستی زورفی لە رازیكردنی ناوماڵی شیعە و بوونی جۆرێك لە كۆدەنگی لەسەر كازمی دەگەڕێتەوە.
زیاتر گوتی "لە داهاتوودا دانوستاندن لەسەر مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و بودجە و مووچە و سەرجەم پرسەكانی پێوەند بە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ مستەفا كازمی دەكرێت".
شیروان میرزا بۆ "وشە" باسی لەوەش كرد كە مەرج و گرەنتی داخوازییەكانی كورد لە دۆخێكی ئاساییدا دەكرێت قسەی لەسەر بكرێت نەك لە وەها دۆخێك كە كازمی كاندید كراوە.
زیاتر روونی كردەوە، دۆخی عێراق زۆر نادیارە، زورفی شكستی هێنا، عێراق لە بەردەم بەربەست و تەگەرەی گەورەیە، بۆیە كورد و سوننە زوو پشتگیرییان لە كازمی كرد. زیاتر گوتی "بڕوام وایە لەسەر مافەكانی كوردیش قسە لەگەڵ كازمی كراوە".
میادە نەجاڕ پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی بۆ "وشە" دووپات لەوە دەكاتەوە كە بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە راوێژ و ئاگاداری لایەنە كوردستانییەكان بووە.
پێوەند بەو پشتگیرییە رەهایەی كورد لە كازمی دەكات و پێشتر لە عەلاوی و زورفی نەكرد، پەرلەمانتارەكەی پارتی ئاماژە بە پشتگیری لایەنە شیعەكان لە كازمی دەكات، ئەوەیش دەخاتەڕوو كە پشتگیری كورد بۆ راسپاردن بووە. گوتی "بێگومان هێشتا دانوستاندن ماوە لەگەڵ كازمی بكرێت، ئەو بە دەستكراوەیی جێ ناهێڵین".
میادە نەجاڕ باس لە شكستی عەلاوی دەكات لە پێكهێنانی حكوومەت، ئاماژە بەوە دەكات هەر راسپێردراوێك بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق ناتوانێ خۆی لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بدزێتەوە، ئەگەر ئەوە بكات بێگومان چارەنووسی وەك عەلاوی لێ دێت و پشتگیری كوردی نابێت.
زیاتر گوتی "كازمی ناتوانێ لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان رابكات و ببێت بە سەرۆك وەزیران".
مستەفا كازمی، بەپێی دەستوور 30 رۆژی لە بەردەمدایە كە لە ئەمڕۆ نۆی نسان بۆی هەژمار دەكرێت تا هەشتی ئایاری داهاتوو. بەپێی پشتگیرییە پێشوەختەكانی كورد و سوننە، پێوەندییە تەلەفۆنییەكان و كۆدەنگی ناوماڵی شیعە بێت، پێ دەچێت كابینە حكوومییەكەی كازمی هەرزوو لەلایەن پەرلەمانەوە پشتگیری بكرێت و متمانەی پێ بدرێت.