وەزارەتی دارایی دەستی بە جێبەجێكردنی چاكسازیی كرد و قەرزە بازرگانییەكان وەردەگرێتەوە

:: PM:06:00:09/04/2020 ‌
دوای ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوو پێڕەوی چاكسازی لە رۆژنامەی فەرمیی كوردستان (وەقائیع) بڵاو كرایەوە و دوێنیش بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان یەكەم كۆبوونەوەی ستافی چاكسازی بەرێوە چوو، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی دەستی بە جێبەجێكردنی یاساكە كرد.

ئاماژە بە یەكخستنی یەكەی ژمێركاری وەزارەتی پێشمەرگە دراوە
ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەی بە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتەكە كردووە كە تیایدا بریار دراوە بە كاراكردنی سندووقی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستاندا و كردنەوەی ئەژمێرەیەكی تایبەتی بانكی بۆ ئەو سندووقە.

هەروەك دووپات كراوەتەوە كەبەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی راسپێردراوە لەسەر ئامادەكردنی پەیكەری نوێی بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین،  كە دەبێتە تاكە بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینان لەهەرێمدا، بەشێوەیەك گشت خانەنشینانی (شارستانی، سەربازی، هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ، یەكە رێكنەخراوەكانی هێزەكانی پێشمەرگە) لەخۆ دەگرێت.

لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەی وەزارەتی دارایی ئاماژە بە یەكخستنی یەكەی ژمێركاری وەزارەتی پێشمەرگە دراوە كە لە یاسای چاكسازی ئاماژەی بەوە كراوە و  بڕیاردراوە لەسەر پەیڕەوكردنی میكانیزمێكی گونجاو بۆ لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم كردنەوەی ئەژمێرەیەكی كەسی بۆ سەرجەم مووچەخۆران.

هەروەها دووپات لەسەرە ئامادەكردنی رێكارە یاسایی و كارگێرییەكان كراوەتەوە، بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانیەكان.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم