کتێبخانەی گشتی سلێمانی 550 کتێب دەبەخشنە کەرەنتینەکان

:: PM:06:09:09/04/2020 ‌

کتێبخانەی گشتیی سلێمانی بە سێ قۆناغی جیاواز 550 کتێبی جۆراوجۆری بەخشییە کەرەنتینەکان و ئەو کەسانەی کە کەرەنتینەکان جێ دەهێڵن، تا کاتەکانی مانەوەیان بە خوێندنەوەی کتێبەکان بەسەرببەن.

ئالان ڕەئووف بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی سلێمانی، سەبارەت بە بەخشینی کتێبەکان بە کەرەنتینەکان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، وەک کتێبخانەی گشتی سلێمانی بیرمان لەوە کردەوە کە حزمەت بەو کەسانە بکەین کە لە کەرەنتینەدان، ئەویش بە بەخشینی کتێب بە سێ قۆناغ بە کەرەنتینەکانی سلێمانی.

کتێبەکان بە سێ قۆناغ دابەش دەکەن بەسەر کەرەنتینەکراوەکان بۆ ئەوەی سوودمەندبن لە کتێبەکان

زیاتر گوتی، لە قۆناغی یەکەمدا 250 کتێب و لە قۆناغی دووەمدا 150 کتێب و لە کۆتا قۆناغیشدا 150 کتێبمان لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری ڕۆشنبیری نارد بۆ کەرەنتینەکان.

ئاماژەی بەوەشدا، کتێبەکان لە چیرۆک و شیعر و ڕۆمان و بابەتی سیاسی و مێژووی و دەیان بابەتی تری تێدایە کە بە زمانی کوردیە، ئەمەش لە پێناو ئەوەیە، ئەو کەسانەی کە ئەو ماوەیەی کە لە کەرەنتینەدان خۆیان بە کتێب خوێندنەوە سەرقاڵ بکەن، وەک دەزانین کتێب زاخاوی مێشکە و مرۆڤ لە دنیایە دادەبڕێت. 

ئەو کتێبانە لە دواتردا وەرناگرینەوە پێشکەشی ئەو کەسانەی دەکەین کە کەرەنتینە جێدەهێڵن یان لەوێ دەمێننەوە، بەڕێوەبەرەکەی کتێبخانەی گشتی سلێمانی وای گوت.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان