دوای چەند مانگێك لە خۆپێشاندانی جەماوەری و ناڕەزایی لە عێراق، كە سەتان كوژراو و هەزاران بریندار و پەككەوتەی لێ كەوتەوە، ئەوان داوای گۆڕانكاریان دەكرد لە سەروویانەوە هەڵبژاردنی پێشوەختە، رائید فەهمی، سكرتێری لیژنەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق و پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوە دەڵێت، هێزە سەرەكییەكان هیچیان هەڵبژاردنی پێشوەختەیان ناوێت.
كازمی هەڵبژاردنی پێشوەختە نەكات باجە سیاسییەكەی دەدات
فەهمی ئەمڕۆ پێنجشەم بە "وشە"ی راگەیاند، هێزە سەرەكییەكان لە عێراق پاڵپشتی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە ناكەن، كە هەر ئەوانیشن مستەفا كازمیان هێناوەتە پێشەوە و پاڵپشتی لێ دەكەن، بۆیە ئەوان راستەوخۆ ناڵێن كە هەڵبژاردنیان ناوێت، بەڵكو كات دەكوژن و بەربەست دروست دەكەن.
زیاتر گوتی، كازمی خۆی لەبەردەم دوو رێگە دەبینێتەوە، یان بەتەواوەتی ملكەچی ئەو هێزانە دەبێت، بە هاوشێوەی ئەو حكوومەتەی هەیە، واتە بە پێی ویستی ئەوان كارەكان بەڕێ دەكات، ئەوەیش دەیخاتە رووبەڕووبوونەوەی ویستی شەقام كە خۆپێشاندانی كرد، راستە ئێستە بەهۆی كۆرۆناوە ناڕەزایەتییەكان سارد بوونەتەوە، بەڵام لە داهاتوو ئەگەری هەیە كێشەكان پەرە بستێنن و ئەو هۆكارانەی وای كرد خەڵك بێنە سەر شەقام زیاتر دەبن، ئەوەیش بەهۆی دەركەوتنی ئەنجامی زیاتری تەنگژەی ئابووری و لێكەوتەكانی كۆرۆنا.
فەهمی ئاماژەی كرد، پێم وایە ئەگەر كازمی دەیەوێ بمێنێتەوە و بەرژدی پرسی هەڵبژاردن جێبەجێ نەكات و دەستی دەستی پێ بكات، ئەو باجە سیاسییەكەی دەدات، كازمی پێشتر پۆستەكەی بۆ خرایە روو و رەتی كردەوە و مەرجی هەبوو، ئێستەیش كە بۆی گەڕاونەتەوە، دەبێت مەرجی ئەویان قبووڵ كردبێت.
"ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆی پێشوو هەیە، ئەگەرچی دۆخەكە زۆری خایاند و تەنگژەی زۆر هەیە و خەڵك تەواو بێزارە، رەنگە حكوومەتەكەی پێكبێت، بەڵام شكستهێنانیشی بەدوور ناخەمەوە، چونكە بە ناچاری بۆی گەڕاونەتەوە، پێم وایە ئەگەر ئەوان تەنیا ئەزموونی عادل عەبدولمەهدیان دووبارە كردبێتەوە، ئەوە بێگومان هۆكارەكانی تەنگژە هەر دەمێنن"، سكرتێری لیژنەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق وای گوت.