دوای مانگێك له ململانێی سیاسی و دانوستاندنی چڕ، ئه‌مڕۆ چوارشه‌م سه‌عات نۆی شه‌و، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ متمانه‌دان به كابینه‌ی مسته‌فا كازمی كۆ ده‌بێته‌وه، تا ئێسته‌یش لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتوون به ڕێككه‌وتن و ناكۆكی زۆر هه‌یه و به‌شێكیان بڕیاریان داوه ده‌نگ به كابینه‌كه‌ی كازمی نه‌ده‌ن و دۆخه‌كه بگه‌ڕێننه‌وه خاڵی سه‌ره‌تا.
پێكهێنانی حكوومه‌تی مسته‌فا كازمی له ڕووی سیاسی و ئابووری و ته‌ندروستییه‌وه، بووه‌ته پێویستییه‌كی سه‌ره‌كی و دۆخی عێراق به‌ره‌و كاره‌سات ده‌ڕوات و حكوومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ریش به‌هۆی یاساكانه‌وه ده‌ست و پێی به‌ستراوه، به‌ڵام لایه‌نه‌كانی سیاسی شیعه ده‌سبه‌رداری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان نابن و به‌رده‌وامن له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كاندیدی پێكهێنانی حكوومه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌و پۆست و وه‌زاره‌تانه‌یان پێ بدرێت، كه خواستیان له‌سه‌ره.
ئه‌حمه‌د حوسێن ڕۆژنامه‌وانی عێراق له‌وباره‌وه به كه‌ناڵی "
حوڕه"ی ئه‌مه‌ریكی ڕاگه‌یاند، دۆخه‌كه زۆر ئاڵۆزه و لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌شێكیان بایكۆتی دانیشتنی په‌رله‌مان بۆ متمانه‌دان به كابینه‌ی مسته‌فا كازمی ده‌كه‌ن، دواجاریش نامه‌یه‌كیان به‌ناوی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا دروستكردووه و خۆیشیان وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه و ده‌یانه‌وێ بیكه‌ن به كێشه‌یه‌كی گه‌وره له به‌رده‌م كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت و لایه‌نه‌كانی تریش په‌شیمان بكه‌نه‌وه له پشتیوانی مسته‌فا كازمی دا.
هه‌ریه‌ك له هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا و هاوپه‌یمانی هێزه نیشتمانییه‌كانی عێراق به سه‌رۆكایه‌تیی نووری مالیكی و ئه‌یاد عه‌لاوی، كه یه‌كه‌میان 25 كورسی و دووه‌میان 21 كورسی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌یه، به فه‌رمی ڕه‌تیان كرده‌وه پشتیوانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت بكه‌ن و ده‌نگی پێ بده‌ن.
عه‌لاوی و مالیكی بوونه به‌ربه‌ستی سه‌رسه‌ختی كازمی
له‌باره‌ی هۆكاری ئه‌و هه‌ڵوێستی مالیكی و عه‌لاوی، سه‌رچاوه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه هه‌ردووكیان داوای پۆستی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌رگرییان بۆ لیسته‌كانیان كردووه، به‌ڵام مسته‌فا كازمی ڕه‌تی كردووه‌ته‌وه، بۆیه هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌تێكی فره‌وان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی متمانه‌دان به حكوومه‌ته‌كه شكست پێ بهێنن.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان هۆكاری كشانه‌وه له پشتیوانی كابینه‌ی مسته‌فا كازمی له‌لایه‌ن ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه‌وه، بۆ مه‌سه‌له‌ی پۆست و وه‌زاره‌ته‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ره‌ی دژ به حكوومه‌تی كازمیش ته‌نیا خۆی له مالیكی و عه‌لاوی نابینێته‌وه، به‌ڵكوو له نێو سوننه‌كانیش بوون به دوو به‌شه‌وه و هه‌ریه‌ك له فراكسیۆنه‌كانی ئوسامه نوجێفی و خه‌میس خه‌نجه‌ر پشتی كازمی ده‌گرن، به‌ڵام لیستی سه‌نه‌دی وه‌ته‌نی كه یه‌كێكه له لایه‌نه‌كانی سوننه به توندی دژی ده‌نگدانه به حكوومه‌تی نوێ.
له‌لایه‌كی تره‌وه، عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌شێكه له هاوپه‌یمانی فه‌تح و خاوه‌نی 15 كورسی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه، به‌ڵام ئه‌میش به‌هۆی ئه‌وه‌ی داوای پۆسته ته‌ناهییه‌كانی كرد و له‌لایه‌ن مسته‌فا كازمییه‌وه ڕه‌تكراوه‌ته‌وه، دژایه‌تی خۆی بۆ حكوومه‌تی نوێ ڕاگه‌یاند، كه داوای به‌رپرسیاریه‌تی ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری عێراق و فه‌رمانده‌یی دژه تیرۆری عێراقیان له كازمی كردووه.
ئه‌وانه‌ی له نێو شیعه به توندی پشتیوانی له كازمی ده‌كه‌ن، بریتییه له هاوپه‌یمانی نه‌سڕ و ڕه‌وتی حیكمه، له‌و نێوه‌نده‌یش دا كورد ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌گێڕێت، هه‌رچه‌نده تا ئێسته به یه‌كگرتوویی بڕیار نه‌دراوه له‌باره‌ی به‌شداربوون و نه‌بوونیان له دانیشتنه‌كه و ده‌نگدان یان ره‌تكردنه‌وه‌ی حكوومه‌ته‌كه، واته تا ئێسته كورد هه‌ڵوێستی خۆی یه‌كلایی نه‌كردووه‌ته‌وه.
دڵنیایی نه‌بێ له سه‌ركه‌وتنی كابینه‌كه، ئه‌گه‌ری دواخستنی دانیشتنی په‌رله‌مان هه‌یه
مسته‌فا كازمی چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی كورده و به پشتیوانی له‌لایه‌ن كورده‌وه، سه‌ركه‌وتنی مسۆگه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كوردیش یه‌ك ده‌نگ نه‌بن، ئه‌وكات ناچار ده‌بێ، هاوشێوه‌ی سوننه له نێوان دوو به‌ره‌دا یه‌كێكیان بكات به دژ و یه‌كێكان به پشتیوان، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌ركه‌كه‌ی قورس‌تر ده‌كات.
سه‌رچاوه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه دره‌نگانی شه‌و و به‌یانی ئه‌مڕۆ دانیشتنه‌كان و دانوستاندنه‌كانی كازمی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان به‌رده‌وامی ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیایی له متمانه‌دان به كابینه‌كه‌ی وه‌ربگرێت، هه‌رچه‌نده ئه‌مه تا ئێسته مسۆگه‌ر نه‌بووه، بۆچوونێكیش هه‌یه، كه ئه‌گه‌ر به ته‌واوی دڵنیا نه‌بن له تێپه‌ڕاندنی كابینه وه‌زارییه‌كه، ئه‌وا واده‌ی دانیشتنی په‌رله‌مان بۆ متمانه‌دان به كابینه‌كه بۆ كاتێكی تر دوا ده‌خرێت، چونكه واده‌ی كۆتایی پێكهێنانی حكوومه‌ت كه 30 ڕۆژه، هێشتا سێ ڕۆژی تری ماوه و له نۆی مانگ ته‌واو ده‌بێت.
كازمی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه و هه‌موو وڵاتانیش ده‌یانه‌وێ ئیتر ئه‌و بۆشاییه یاسایییهی به‌هۆی ده‌ست كێشانه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی دروست بووه، كۆتایی پێ بهێنرێت و ده‌نگ به كابینه‌كه بدرێ و به‌رپرسیاریه‌تی گه‌وره‌ی ئه‌و دۆخه قورسه بخرێته ئه‌ستۆی، كه له‌لایه‌كه‌وه زیندووبوونه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی داعش و هه‌ڕه‌شه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت و ململانێكانی ئه‌مه‌ریكا و ئێران و كێشه‌كانی ناوخۆ، سه‌رجه‌میان بوونه‌ته گرفتی گه‌وره له‌به‌رده‌م پێشڤه‌چوونی پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق.