به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر پێشێلكاریى میلیشیاكانى سه‌در كۆ ده‌كرێته‌وه‌

:: AM:09:39:06/05/2020 ‌
ماڵپه‌ڕى حوڕه‌ى ئه‌مه‌ریكى له‌ راپۆرتێكدا وێنه‌ و به‌سته‌رى ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌ری ده‌خه‌ن چۆن میلیشیاكانى موقته‌دا سه‌در پێشێلكاریى له‌ دژى چالاكان و خۆپێشانده‌ران ده‌كه‌ن.

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى حوڕه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌م شه‌شى ئایار له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات، میلیشیاكانى موقته‌دا سه‌در كه‌ به‌ "سه‌رایا سه‌لام" ناسراون،  هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵان و ئه‌شكه‌نجه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ده‌ن  گوایه‌ سووكایه‌تییان به‌ سه‌در كردووه‌.

حوڕه‌ : میلیشیاكانى سه‌در شانازى به‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانى خه‌ڵك ده‌كه‌ن

راپۆرته‌كه‌ى حوڕه‌ چوار به‌سته‌رى ڤیدیۆیى داناوه‌، له‌ یه‌كێك له‌ ڤیدیۆكان ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ند پیاوێك گه‌نجێكیان گرتووه‌ وه‌ك سزایه‌ك سه‌رى ده‌تاشن و یه‌كێك له‌ پیاوه‌كان ده‌ڵێ، ئه‌مه‌ سووكایه‌تى به‌ سه‌ید "موقته‌دا" كردووه‌، ئه‌وه‌ى هێرش بكاته‌ سه‌ر موقته‌دا و سوپاى مه‌هدى و سه‌رایا سه‌لام ئه‌وه‌ چاره‌نووسى ده‌بێت.

جگه‌ له‌مه‌یش ده‌نگى پیاوه‌كانى تر دێت كه‌ چه‌ندان "جێنو" و سووكایه‌تى به‌ گه‌نجه‌كه‌ ده‌ده‌ن و دووپاتیش ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ دووباره‌ بكاته‌وه‌، ئه‌وا سه‌رى باوكیشى ده‌تاشن.

حوڕه‌ نووسیویه‌تى ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ به‌ڵگه‌ن كه‌ چۆن میلیشیاكانى موقته‌دا سووكایه‌تى به‌ چالاكان ده‌كه‌ن و شانازیش به‌و كاره‌یان ده‌كه‌ن.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، میلیشیاكانى موقته‌دا سه‌در چه‌ندان شێوازى تۆقاندن له‌ دژى خه‌ڵكى باشوورى عێراق به‌كار ده‌هێنن.


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل