ئەگەری لافاو لە چەند گەڕەكێكی هەولێر ڕاگەیەنرا

:: AM:09:43:06/05/2020 ‌
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی هەولێر ئاشكرای دەكات، سەرجەم یەكەكان خراونەتە ئامادەباشی بۆ هەر ئەگەرێكی هەستانی لافاو لە هەولێر.

پێشبینی بارانی بەلێزمە و هەورەتریشقەی بەهێز هەیە
ئەمڕۆ چوارشەم شەشی ئایار، بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، پێشبینی بارانی بەلێزمە و هەورەتریشقەی بەهێز هەیە، بۆیە تكایە ئاگەداری خۆتان و منداڵەكانتان بن لە هەڵسانی ئاو لەناو سەنتەری شاردا.

بەرگریی شارستانی هەولێر ئاشكرای كردووە، ئەو گەڕەكانەی مەترسی لافاویان لێ دەكرێت، بریتین لە تەیراوە، تەعجیل، گڵكەند، شەقامی 60 مەتری و  94 باداوە نزیك مزگەوتی ئیمام عەلی، عارەب كەند و شوقەكانی شەهیدان، شەقامی كەركووك و ناوچەی دەرگا لە شارۆكەی عەنكاوە.

باس لەوەش كراوە، لە ئێستەوە تیمەكانی بەرگریی شارستانی پارێزگای هەولێر لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، بۆیە بۆ هەر رووداوێك راستەوخۆ پێوەندی بكەن بە ژووری چالاكییەكانی بەرگریی شارستانی بە ژمارە 115 یان 125.




وشە - رامیار جەواد