یەكێتی 15 پۆستی گرنگی لە گۆڕان زەوت کردووە

:: AM:11:05:06/05/2020 ‌
دوای ڕێككەوتنی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێی سنووری پارێزگای سلێمانی، یەكێتی چەندان پۆستی هەستیار و گرنگ ڕادەستی گۆڕان ناكات.

یەكێتی 15 پۆست ڕادەستی بزووتنەوەی گۆڕان ناكات كە ڕێككەوتنیان لەسەر كراوە، كەچی ئێستە داوای لامەركەزی دەكات
بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە" دوای پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێی و تێپەڕینی دوو ساڵ زیاتر، تا ئێستە یەكێتی پۆستەكانی بزووتنەوەی گۆڕان كە بەری دەكەوێت، ڕادەست نەكردووە.

بەپێی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان، پێویست بوو دوای دەستبەكاربوونی پارێزگاری هەڵەبجە، پۆستی قایمقام و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە لە پشكی یەكێتی بە بزووتنەوەی گۆڕان بدرێن، بەڵام تا ئێستە لای یەكێتی ماونەتەوە.

لە ڕێككەوتنەكەدا ئەوەش باس كراوە، دەبێ یەكێتی پۆستی سەرۆكی ئیدارەی ڕاپەڕین و جێگری سەرۆكی ئیدارەی گەرمیان بە بزووتنەوەی گۆڕان بدات، بەڵام تا ئێستە ئەو دوو پۆستە لای یەكێتی ماونەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم شەشی ئایار، میدیاكانی نزیك لە بزووتنەوەی گۆڕان بڵاویان كردووەتەوە، یەكێتی 15 پۆست ڕادەستی بزووتنەوەی گۆڕان ناكات كە ڕێككەوتنیان لەسەر كراوە، كەچی ئێستە داوای لامەركەزی دەكات.

ئەو هەڵوێستەی میدیاكانی نزیك لە بزووتنەوەی گۆڕِان ڕوونی دەكەنەوە، بزووتنەوەی گۆڕان ناڕازییە لەو لامەركەزییەی باڵێكی یەكێتی ئێستە هەوڵی بۆ دەدات.





 



وشە - رامیار جەواد