كاتی دەستپێكردنەوەی خوێندنی ئەمساڵ ڕادەگەیەندرێت

:: AM:11:48:06/05/2020 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، كاتی دەستپێكردنەوەی دەوامی قوتابخانەكان دەكەوێتە دوای جەژن و ئەمڕۆ وەزیری خوێندنی باڵا و پەروەردە لە پەرلەمان ڕوونكردنەوە دەدەن.

ئەمڕۆ چوارشەم شەشی ئایار، عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێشنیاری قەرەبووكردنەوە و دەستپێكردنەوەی دەوام لە ناوەڕاستی مانگی ئایار یان سەرەتای مانگی حوزەیران هەیە ئەمڕۆ بڕیاری لەسەر دەدرێت.

زێدان برادۆستی ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەك لیژنەی پەروەردە چاودێری دۆخی تەندروستیمان بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی پەروەردە كردووە.

ئەندامەكەی پەرلەمان گوتی، ئەمڕۆ چاوەڕوانی وەزیری خوێندنی باڵا و پەروەردە دەكەین بزانین بڕیار لەسەر چی دەدرێت و ڕوونكردنەوە لەسەر چی دەدەن و چ بابەتێك داخل دەبێت.

تا ئاستێكی زۆر خوێندن دەكەوێتە دوای جەژن و و پرۆسەكە دەست پێ‌ دەكاتەوە 
لەبارەی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن گوتی، دەبێت چاوەڕوانی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكەین كە %100 دڵنیاییمان پێ بدات، ئەوكاتە خوێندن دەست پێ‌ بكاتەوە.

باسی لەوەش كرد، تا ئاستێكی زۆر پێشبینی دەكرێت خوێندن دەكەوێتە دوای جەژن و و پرۆسەكە دەست پێ‌ دەكاتەوە، پێویستە بزانرێ تاقیكردنەوەكانیش دەكەونە دوای جەژن.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە كۆتایی مانگی شوباتەوە خوێندن لە هەرێمی كوردستان وەستاوە.





وشە - رامیار جەواد