هەوڵێكی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ ڕزگاركردنی سۆران عومەر لە دادگا ڕەت دەكرێتەوە

:: PM:02:45:06/05/2020 ‌
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمان، لە بەیانی ئەمڕۆوە هەوڵێكی دەست پێ‌ كردووە بۆ ئەوەی سەرجەم فراكسیۆنەكان ڕازی بكات كە پارێزبەندی لە سۆران عومەر وەرنەگیرێتەوە، بەڵام هەوڵەكە ڕەت دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم شەشی ئایار، ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێمە لەگەڵ ئەو هەوڵەدا نین كە داوا لە فراكسیۆنەكان كراوە پارێزبەندی لە پەرلەمانتاران وەرنەگیرێتەوە.

نۆ فراكسیۆنی پەرلەمان لەسەر ئەو داوایەی كۆمەڵی ئیسلامی ناڕازین 
ئەو گوتانەی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە كاتێكدایە، ئەمڕۆ فراكسیۆنی كۆمەڵ هەوڵێكی دەست پێ‌ كردووە تا سەرجەم فراكسیۆنەكان واژوو لەسەر داواكارییەك بكەن بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان و پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران هەڵنەگیرێت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" نۆ فراكسیۆنی پەرلەمان لەسەر ئەو داوایەی كۆمەڵی ئیسلامی ناڕازین و تا ئێستە ئامادە نین واژووی لەسەر بكەن.

سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستانە، بەڵام لە هەڵوێستەكانیدا زیاتر لەگەڵ هەڵمەتە میدیاییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و باڵی تەناهیی ئەو حزبە دەردەكەوێت و كار لەسەر ناشیرینكردنی كێشە بچووكەكانی هەموو ناوچەیەكی كوردستان دەكات، بەڵام هیچ تێبینی و لێدوان نادات لەسەر كێشەی گەورەیش لە سنووری سلێمانی.  بۆیە لەم ماوەیەدا كە تەنگژەی گەورەی هەرێمی و ناوخۆیی دژی كوردستان دروست كرا، كەوتە لێدانی ژمارەی  هەڵە بۆ شێواندنی دەروونی خەڵك و تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و ناوزڕاندنی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، لە بەرانبەردا حكوومەتی هەرێمی رێی شارستانی هەڵبژارد و لە دادگا داوای سەلماندنی تۆمەتەكانی دەكات.



وشە - رامیار جەواد