50 ساڵی تر ژیان بۆ سێ ملیار دانیشتووی زەوی زۆر قورس دەبێ

:: PM:03:49:06/05/2020 ‌

هەسارەی زەوی ساڵ بە ساڵ گەرمتر دەبێت و ئەو گۆڕانكارییەی كەشوهەواش هەڕەشە لە ژیانی مرۆڤ دەكات. دەگوترێ تا ساڵی 2070 سێ ملیار مرۆڤ لەو ناوچانە دەژین كە پلەی گەرمییان ئەوەندە بەرز دەبێتەوە، مرۆڤ ناتوانێ بەرانبەری خۆی رابگرێت.

بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ ئەگەر وڵاتان دەست لە دەستی یەكتر نەنێن و هۆكارەكانی پیسكردنی ژینگە كەم نەكەنەوە، ئەوا زۆرینەی خەڵكی گۆی زەوی دوای 50 ساڵی تر، دەبێ لە كەشێكی سەرووی 29 پلەی گەرمیدا بژین.

راپۆرتێكی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش باسی لەوە كردووە، تەنانەت ئەگەر رێككەوتنی ژینگەیی پاریس وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، هێشتا زەوی لە بەردەم مەترسیی ئەوەدایە سێ پلەی تر گەرمتر ببێت. ئەگەر پلەكانی گەرمیش بەو شێوەیە بەرز ببنەوە، ئەوا بەو ئەنجامە دەگەین كە زۆر لە دانیشتووانی زەوی لە كەشێكدا دەژین كە پلەی گەرمی بەرزە و هەڕەشە لە گیانیان دەكات.
پلەی گەرمی زەوی تا ساڵی 2070 سێ پلە گەرمتر دەبێت

یەكێك لە پسپۆڕانی كەشوهەوا بە بی بی سی گوتووە، پلەی گەرمی زەوی تا ساڵی 2070 سێ پلە گەرمتر دەبێت و هەموو تاكێكی سەر زەویش لە دۆخێكدا دەژین كە حەوت پلە لە پلەی ئاسایی گەرمتر دەبێت. ئوسترالیا، هیندستان، ئەفریقا، ئەمەریكای باشوور و چەند بەشێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێكی خراپتردا دەژین.



وشە - سلێمان تاشان