شوفێرانی گواستنەوەی شتومەک و کەلوپەلی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان مانیان گرت و بەو هۆیەوە گواستنەوەی بازرگانیی لەم دەروازەیە پەکی کەوت.
مراد عەلی تاتار قایمقامی قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان باسی لەوە کردووە شوفێرانی عێراقی بۆ ئەوەی بچنە ئێران بە پێی یاساکانی عێراق دەبێت بڕێک پارە وەک دابینکردنی بیمە بدەن و ئەوەش نارەزایەتی ئەوانی لێ کەوتووەتەوە و بۆیەش مانیان گرت.
بەرپرسانی ئێران گوتوویانە ئەو کێشەیە هیچ پێوەندییەکی بە ئێرانەوە نییە بەڵکوو پێوەندی بە یاسا بازرگانییەکانی عێراق هەیە هەر چەندە راوەستانی گواستنەوەی بازرگانی زیانی بۆ ئێران هەیە.
بەگوتەی قایمقامی قەسری شیرین، کرانەوەی هەر دوو دەروازەی شوشمێ و شێخ ساڵح هۆکار بووە لەوەی گوشاری بازرگانیی لەسەر مەرزی پەروێزخان کەم ببێتەوە.
رۆژانە هەزار و 200 بارهەڵگرلە ئێرانەوە شتومەکی بازرگانی بۆ عێراق دەگوازنەوە
بەگوێرەی
ئیرنا هەر ئێستە رۆژانە هەزار و 200 بارهەڵگرلە ئێرانەوە شتومەکی بازرگانی بۆ عێراق دەگوازنەوە و زیاتر ئەولەویەت بە گواستنەوەی خۆراک ومیوە دەدرێت چونکە چاوەڕوانیی زۆریان لە پشت دەروازەکە دەبێتە هۆی تێکچوونی خۆراکەکان.
بە گشتی بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی لە دەروازە نێودەوڵەتییەکان گیراونەتەبەر بەراورد بە پێش کۆرۆنا ژمارەیەکی کەمتری بارهەڵگر بارەکانیان بۆ ئەم دیوەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگوازنەوە.