ئەمشەو دانیشتنی متمانەدانی پەرلەمانی بە حكوومەتی مستەفا كازمی، راسپێدراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ساز دەكرێت، پەرلەمانتارێكی شیعە باسی بوونی ناكۆكی لەسەر هەردوو وەزارەتی دارایی و نەوت دەكات، پێشبینیش دەكات ئەمشەو 16 وەزارەت تێپەڕ بكرێن.
ئەگەری دواخستنی دانیشتنەكە زیاد دەبێت
عەلا دولفی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "نەسڕ"، ئەمڕۆ چوارشەم گوتی، دۆخی عێراق بەهۆی تەنگژەكانی رووبەڕووی بووەتەوەتەوە، زۆر هەستیارە، بۆیە پێویستە لە دانیشتنی ئەمشەو كابینەی حكوومەتی مستەفا كازمی تێپەڕ بكرێت، ئاشكرای كرد كە ناكۆكی لەسەر هەردوو وەزارەتی دارایی لەگەڵ كورد و وەزارەتی نەوت هەیە و ئەوانیتر كێشەیان نییە، بۆیە پێشبینی دەكرێت ئەمشەو 16 وەزارەت تێپەڕ بكرێن.
لەوكاتەی سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە ئەمشەو چوار وەزارەتی كابینەی كازمی لە دەنگدانی پەرلەمان شكستدێنن، لەوانە دارایی و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و پێوەندییەكان، بۆیە ئەوان دوادەخرێن.
بەدر زیادی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "سائیروون"، پێشبینی دواخستنی دانیشتنەكەی ئەمشەوی بۆ سبەی پێنجشەم كرد، بەوهۆیەی بەشێك لە فراكسیۆنەكان نایانەوێت بچنە دانیشتنەكەوە، چونكە ناڕەزایەتیان بەرانبەر ژمارەیەك كاندید هەیە، ئەوەیش سازكردنی سەخت دەكات، سەلام شمەری پەرلەمانتارێكی تری ئەو هاوپەیمانیەتییە داوای كرد كابینەكەی كازمی بەیەك پارچە بخرێتە دەنگدان و هەمان هەڵەی عادل عەبدولمەهدی دووبارە نەكرێتەوە، جیا لەوەی ئەستۆپاكی بەشێكیان لە دەستەی لێپرسینەوە، نەگەیشتووەتە پەرلەمانەوە.