عێراق.. 49 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كران

:: PM:07:50:06/05/2020 ‌

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا بەردەوامە و ژمارەی قوربانیان لە هەڵكشانە، كاتێك ژمارەی حاڵەتی تووشبوون گەیشتووەتە سەرووی سێ ملیۆن و 775 هەزار و ژمارەی حاڵەتی مردنیش بۆ سەرووی 261 هەزار، وەزارەتی تەندروستی عێراق تۆماركردنی 49 حاڵەتی نوێی تووشبوونی لە پێنج پارێزگا راگەیاند.
كۆرۆنا لە عێراق كۆنترۆڵ نەكراوە
ئەمڕۆ چوارشەم وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە راپۆرتی رۆژانەی لەبارەی حاڵەتەكانی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا رای گەیاند، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو 49 حاڵەتی نوێیان لە پێنج پارێزگا تۆمار كردوووە، ئەوەیش دوای 4242 پشكنین لە تاقیگەكان لە سەرانسەری عێراق.

تووشبووەكان، 31یان لە بەغدا و سێ لە كەربەلا و 11 لە بەسڕە و یەكێك لە موسەنا و سێ لە هەولێر، هیچ حاڵەتێكی مردنیش بە كۆرۆنا تۆمار نەكراوە، 31 حاڵەتی چاكبوونەوەیش هەبووە، بەوەیش كۆی ژمارەی تووشبووان لە عێراق گەیشتە 2480 و ژمارەی مردنیش 102 و چاكبوونەوەیش 1602 حاڵەت.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق داوای قەدەغەكردنی هەموو جۆرە گردبوونەوەیەكی كرد لەگەڵ سزادانی پێشێلكاران بە گرتنی سێ ساڵ، جەعفەر عەلاوی، وەزیری تەندروستی گوتی، داوای پابەندبوون بە قەدەغەی هەموو جۆرە بۆنە و گردبوونەوەیەك دەكەین، پێشێلكارانیش سزای گرتنیان لەسەر جێبەجێ بكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل