كابینەی حكوومەتی كازمی.. تا ئێستەیش گفتوگۆ بەردەوامە

:: PM:08:25:06/05/2020 ‌

ئەمشەو سەعات نۆ دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە كابینەی حكوومەتی مستەقا كازمی دێتە سازكردن، لەناو بوونی مشتومڕ و ناكۆكی لەسەر ژمارەیەك كاندیدی وەزارەتەكان، پەرلەمانتارێكی شیعە دووپاتی دەكاتەوە كە تا ئێستە گفتوگۆ لەسەر كاندیدانی كابینەی حكوومەت بەردەوامە و ئەگەری هەیە ژمارەیەكیان لە دانیشتنی پەرلەمان شكست بێنن.
كازمی چاوەڕوانی پێكهاتنی دوا ساتەكانە
میساق حامدی لە هاوپەیمانی "فەتح"، روونی كردەوە، تا ئێستە گفتوگۆ لەسەر ئەندامانی كابینەی حكوومەتی كازمی بەردەوامە، راستە ناوەكان گەیشتوونەتە پەرلەمان، بەڵام گفتوگۆكان بۆ گۆڕینی ژمارەیەكیان بەردەوامە، بۆیە لە دواساتەكان ئەگەری گۆڕانی ژمارەیەك لە كاندیدەكان هەیە و ژمارەیەكیشیان لە دانیشتنەكە شكست دێنن.  

لەوكاتەدا زانیارییەكان ئاماژە دەكەن كە هێزە سیاسییەكان لەسەر تێپەڕكردنی 12 كاندیدی كابینەی حكوومەتی كازمی رێككەوتوون، لەناو بوونی ئەگەری دواخستنی دانیشتنەكە تا كاتی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان و گەیشتن بە رێككەوتن، بەپێی سەرچاوەیەكی پەرلەمانی ئەو فراكسیۆنانەی پاڵپشتی لە كازمی دەكەن لە شیعە و كورد و سوننە، لەسەر تێپەڕكردنی 12 وەزیری كابینەی كازمی رێككەوتوون، لەوكاتەی ئەو ناوی 20 كاندیدی رەوانەی پەرلەمان كردووە، جگە لە هەردوو وەزارەتی نەوت و دەرەوە. 

بەپێی سەرچاوەكە، هەندێك لە هێزە سیاسییەكان تێبینیان لەسەر شەش كاندید هەیە، چواریان تۆمەتبارن بە گەندەڵی و دووانیشیان سكاڵای یاساییان لەسەرە لە ئەنجوومەنی باڵا دادوەری، بۆیە تا ئێستە گفتوگۆ بەردەوامە بۆ یەكلاكردنەوەی كابینەی حكوومەت ئەمشەو یان دواخستنی دانیشتنەكە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل