كۆمپانیایەك بەبێ‌ هیچ هۆكارێك پارە لە شۆفێری مەرزەكان وەردەگرێ‌

:: PM:08:46:06/05/2020 ‌
شۆفێرانی مەرزی پەروێزخان ئاشكرایان كرد، لەمڕۆوە سەرانە وەرگرتن لەمەرزی پەروێزخان دەستی پێ كردووەتەوە و دووپات دەكەنەوە كە سكاڵا تۆمار دەكەن.

محەمەد حەمەدەمین نوێنەری تەواوی شۆفێرانی مەرزی پەروێزخان، بە"وشە"ی راگەیاند، كۆمپانیایەك هاتووەتە مەرزی پەروێزخان لەكاتی چوونی شۆفێرانی بارهەڵگر بۆ دیوی ئێران پارەیان لە شۆفێران وەرگرتووە.

زیاتر گوتی، روونكردنەوە نەدراوە بە شۆفێران بەهیچ شێوەیەك، بۆیە سەتان شۆفێر ئەمڕۆ دەستیان بەمانگرتن كردووە. هەروەك دووپاتی كردەوە كە بڕیاریانداوە سكاڵا تۆمار بكەن.

روونكردنەوە نەدراوە بە شۆفێران بەهیچ شێوەیەك
ئاسۆ ئەحمەد، وەك شۆفێرێكی ئەو مەرزە، بۆ "وشە" ئەوەی خستەروو، وەك شۆفێرێك بڕی 15 هەزار دیناری لێ وەرگیراوە و روونكردەوەی پێ نەدراوە.

"وشە" هەوڵیدا، بەرپرسانی مەرزی پەروێزخان بدوینێ، بەڵام  ئامادەی لێدوان نەبوون.

كەریم عەلی، نوێنەری گەرمیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ "وشە"ئاشكرای كرد ، شۆفێران ئەوانیان لەكێشەكە ئاگاداركردووەتەوە و بەدواداچوون دەكەن.

پێشتریش لەو سنوورە چەند كۆمپانیایەكی حزبی بەناوی دڵنیایی پارەیان لە شۆفێران وەردەگرت.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی


وشە - سه‌رخێڵ هاشم