دوای ئەوەی لەسەر داوای چەند لایەنێكی شیعە هاتە راگەیاندن كە لە پێكهاتەی كابینەی حكوومەتی مستەفا كازمیدا، وەزارەتی دارایی لە كورد وەردەگیرێتەوە و لەبری ئەو وەزارەتی دەرەوەی عێراقی پێ دەدرێت، ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە كورد دەستی بە وەزارەتی داراییدا گرتووە.
تا ئێستە دۆخەكە تەواو روون نییە
نەهرۆ رواندزی، لەبارەی ئەوەی كورد سێ كاندیدی بۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشكەیش كردووە یان چاوەڕوانی كاندیدی كوردن بۆ وەزارەتی دەرەوە، ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی راگەیاند، وەك كورد دەستمان بە وەزارەتی دارایی گرتووە.
لەبارەی دوا هەڵوێستی ئەوان لە دانیشتنی ئەمشەوی پەرلەمان گوتی، دۆخەكە روون نییە و ئێستە زۆر كێشە دروست بووە، بەتایبەتی لەناو فراكسیۆنەكانیتر، بۆ نموونە، دەوڵەتی یاسا و بەرەی رزگاری و بارستەی حەل و فراكسیۆنی سادیقوون و توركمان و ئێزیدی و پەرلەمانتارانی بەسرە، كە دەكاتە 115 ئەندام پەرلەمان.
لەبارەی دانیشتنەكە و ئەگەری دواخستنی دووپاتی كردەوە كە دیار نییە، لەلایەك بڕیارە ئەمشەو دانیشتنی پەرلەمان بێتە سازكردن، دەنگوباسیش هەیە بێتە دواخستن بۆ بەیانی پێنجشەم.
ئەو قسانەی رواندزی دوای ئەوە دێت كە ئەمڕۆ ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكی كورتدا، داوای مافی كوردی لە كابینەی حكوومەتی مستەفا كازمی كرد بەوەی رەتی دەكەنەوە گۆڕانكاری لە وەزارەتەكانی كورد بكرێت.