شارەزایانی ئابووری و ماموستایانی زانكۆ ئاماژە دەكەن، بڕیارەكانی حكوومەت بۆ كەمكردنەوەی مووچەی پلەباڵاكان، جێبەجێكردنی پڕۆژەی چاكسازی و كەمكردنەوەی خەرجییەكانی وەزارەتەكان و نەوت و گاز و كاركردن بە سیستمی بایۆمەتری، بناغەیەكی بەهێز بۆ ئابووری كوردستان دادەنێت و بۆ داهاتووی كوردستان زۆرباشە.
كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم داهاتووی كوردستان مسۆگەر دەكات
ئاكۆ محەممەد، سەرۆكی بەشی بازرگانی نێودەوڵەتی لە زانكۆی هەڵەبجە، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی دارایی، بڕیاری زۆر باشن و بە جێبەجێكردنیان، داهاتێكی باش بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە، یەكێك لە بڕیارە باشەكان، مووچەدان بەو كەسانەی ناویان لە سیستمی بایۆمەتریدا هەیە، ئەوەیش وادەكات فەرمانبەران دڵخۆشبن و بە دڵسۆزی كارەكانیان بكەن، بڕیارەكان لایەنێكی زۆر گرنگیان دەبێت و بناغەیەكی ئابووری باش دەبن بۆ هەرێم.
زیاتر گوتی، كەمكردنەوەی مووچەی پلەباڵاكان و ئەو كەسانەیش بەو پلانەوە خانەنشین كراون، هەنگاوێكی ئەرێنییە لەو تەنگژە داراییەی هەموو جیهانی گرتووەتەوە و نرخی نەوت دابەزیووە، ئەو وڵاتانەی پشت بە نەت دەبەستن، بۆ بودجە نازاندرێت چارەنووسیان چی لێدێت، كاتێك مووچەی پلەباڵاكان كەم دەكرێتەوە، پاشان ئەگەر حكوومەت ناچار بوو هەر بڕیارێكی تر دەربكات ئەوكات دەڵێ، لە خۆمەوە دەستم پێ كردووە، مووچەی بنەڕەتی بە پلە باڵاكان دەدەم، ئەوكاتیش فەرمانبەرانی تر ڕەزامەند دەبن بە رێوشوێن و بڕیارەكان.
ئەو مامۆستایە دووپاتی كردەوە، پێویستە وەزارەتەكان بە داتا ئیش بكەن، بڕیاری كەمكردنەوەی خەرجی و نەسریەی وەزارەتەكان بەو شێوەیە بێت، وەزارەتەكانی تەندروستی و كشتوكاڵ و خوێندنی باڵا و پەروەردە، پێویستییان بە پارە هەیە، بەڵام ئەو وەزارەتانەی تر پێویستیان بە پارەی نییە، بۆیە كەمكردنەوەی خەرجییەكانیان هەنگاوێكی باشە، ڕوونی كردەوە، كەمكردنەوەی خەرجییەكانی نەوت و گاز هەنگاوێكی زۆر گرنگە و وا دەكات داهاتێكی باش بۆ حكوومەت بگەڕێنێتەوە، پێمان وایە بەم هەنگاوانە پارە بەهەدردراوەكان ڕابگیردرێت، بۆیە داهاتووی كوردستان زۆر باشە.
لای خۆیەوە سەركۆ یوونس، ئابووریناس، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانە، هەرچەندە لە وادەی خۆی دواكەوتووە، بەڵام ئەگەر بەرژدی جێبەجێ بكڕێن، جێگەی ئومێدە، بەتایبەت لەم بارودۆخەی دارایی هەرێمدا كە تووشی گەورەترین تەنگژە بووە، هیوادارین ئەوە سەرەتا بێت بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە هەرێمدا، بە كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكانی ئەو داودەزگەیانەی كە لە بڕیارەكەدا هاتوون، پێمان وایە ڕێـژەیەكی بەرچاو لە داهات دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكوومەت و خەرجییە زیادەكانیش نامێنن، بۆیە ئەوە هەنگاوێكی گرنگە و چاوەڕوانی دەرئەنجامەكانین.
زیاتر گوتی، خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران بە سیستمی بایۆمەتری، زۆر گرنگە و ژمارەی راستەقینەی مووچەخۆر و فەرمانبەران دیاری دەكات، هەموو ئەو خەرجییە زیادانەیشی پێشتر بەفیڕۆ دراون، دەگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی حكوومەت، بۆیە كەمكردنەوەی خەرجییەكانی بواری نەوت و گاز، هەنگاوێكی گرنگە، چونكە بەپێی ئامارەكان بێت، تێچوون و خەرجییەكانی نەوت و گاز زۆربەی كات، زۆر بووە و جێگەی تێبینی هەموو لایەك بووە، بەتایبەت خەرجی دەرهێنان و بەبازاركردن، هەروەها خەرجی پاسەوانی كەرتی نەوت و گاز، بە شێوەیەكی گشتی بڕیارەكان گرنگ و رێگەچارەن بۆ دەربازبوون لەم تەنگژەی ئابووری و داراییە.
هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ