پەرلەمانتارێك: دۆخەكە روون نییە و كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ نەكردووە

:: PM:10:57:06/05/2020 ‌

لەوكاتەی بڕیار بوو ئەمشەو سەعات نۆ، دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە حكوومەتی مستەفا كازمی بێتە سازكردن، بەڵام دانیشتنەكە بەهۆی ناتەواوی نیساب بۆ سەعاتێك دوا خرا، پەرلەمانتارێكی كورد دووپاتی دەكاتەوە، دیار نییە كۆبوونەوەكە دەكرێ یان نا.
كازمی لە هەوڵی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانە
مەیادە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە هیچ بەرچاوروونییەك لەسەر كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و پۆستەكان و بڕیاری كۆتایی كاندیدی وەزارەتەكان نییە.

زیاتر گوتی، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ نەكردووە و دیار نییە كەی دەست پێ دەكات، هەرچەند بڕیار بوو سەعات 10ی ئەمشەو كۆبوونەوە ساز بكرێت، لە بارەی پۆست و كاندیدەكانی كورد زیاتر گوتی، تا كۆبوونەوە نەكرێ و ناوەكان بە فەرمی بۆ دەنگدان رانەگەیەندرێن، نازاندرێ كێ كاندیدە.

هەروەها گوتی، ئێستە كیشەی سەرەكی لەسەر وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەیە و نازاندرێ كێ كاندیدە و بۆ كێ دەبێت.

بەپێی زانیاری میدیاكانی عێراق، رێككەوتنی سەرەتایی كراوە بۆ كاندیدكردنی فوئاد حوسێن، بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هەروەها خالید شوانی، لە شوێنی عەبدورەحمان مستەفا ببێتە كاندیدی وەزارەتی داد.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل