مستەفا كازمی: پێكهاتەی حكوومەتەكەم پێشكەیش كرد و چاوەڕوانی دەنگدانم

:: PM:11:51:06/05/2020 ‌

بڕیار بوو ئەمشەو پەرلەمانی عێراق دانیشتنی متمانەدان بە كابینە و بەرنامەی حكوومەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی راسپێدراو ساز بكات، بەڵام بەهۆی بوونی چەندان ناكۆكی و ناتەواوی نیسابی یاسایی، دانیشتنەكە تا ئەو ساتەیش ساز نەكراوە، كازمی ئاماژەی كرد كە پێكهاتەی كابینەی حكوومەتەكەی پێشكەیش كرد و چاوەڕوانی دەنگدانی پەرلەمانن. 
ئەگەری دواخستنی دانیشتنەكە هەیە
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم مستەفا كازمی، لە تویتێك نووسیویەتی، پێكهاتەی كۆتایی كابینەی حكوومەتەكەم پێشكەیشی پەرلەمان كرد و چاوەڕوانی دەنگدانی پەرلەمانم لەسەر كابینەكە، بە شێوەیەك كارم لەسەر هەڵبژاردنی كاندیدان كردووە كە زۆرینەیان كارمەندی وەزارەتن و لەسەر بنەمایەكی پیشەیی، هەروەها سووربووین لەسەر مسۆگەركردنی قبووڵكراوی سیاسی و پەرلەمانی و میلییان، دووپاتی كردەوە كە ئامانجی ئێمە خزمەتكردنی گەل و جێبەجێگرتنی خۆشگوزەرانی و سەروەری و دادوەرییە. 

بەپێی زانیارییەكان لە پەرلەمانی عێراق، دۆخەكە نادیار و هەڵوێستی فراكسیۆن و پەرلەمانتارەكان پەرتەوازە و نادیارە، هەر فراكسیۆن و گرووپێك داواكاری خۆی دەخاتە روو، لەوانە پەرلەمانتارانی بەسڕە داوای چەند وەزارەتێك دەكەن، جیا لە توركمان و مەسیحی و ئێزیدی، هەروەها سوننەكان و شیعەكان بەرانبەر بە كاندیدی یەكتر تێبینیان هەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل