ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بەپێی یاسا و ئەو ڕێنوێنییانەی لەلایەن حكوومەت بۆ یاسای چاكسازی دەركراوە، لە سەرەتای مانگی تەمووز دەست دەكرێت بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی.
ئەمڕۆ چوارشەم سێی حوزەیران، محەمەد سەعدەدین بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، یاسای چاكسازی سێ مانگی بۆ دیاری كراوە كە دوای دەرچوونی جێبەجێ بكرێت، ئەو ماوەیەش تەواو بووە.
لە سەرەتای مانگی تەمووز ئەو یاسایە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە
بڕیاردەری لیژنەی یاسایی گوتی، حكوومەت ڕێنوێنی بۆ ئەو یاسایە دەركردووە، ئەوەیش پێویستی بە دوو مانگ یاسایی هەیە و حكوومەت سەرجەم ڕێكارەكانی خۆی بە تەواوەتی ئەنجام داوە، بۆیە لە سەرەتای مانگی تەمووز ئەو یاسایە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
یاسای چاكسازی لە ژمارە 247ـی ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاو كرایەوە كە چاپكراوی دووەمی ساڵی 2020 بوو، ئەوەیش دوای پەسەندكردنی لە پەرلەمانی كوردستان، ئەو یاسایە پێك دێت لە 19 مادە.
بەپێی ئەو یاسایە مووچەی پلەباڵاكان كەم دەكرێتەوە و هاوسەنگی لە مووچەی فەرمانبەران دەكرێت.