وەزارەتی پەروەردە بڕیاری کۆتایی لەسەر خوێندنی ساڵی داهاتوو دا

:: AM:10:39:03/06/2020 ‌
وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خوێندنی ساڵی 2020 بۆ 2021، بڕیاری قەرەبووكردنەوەی خوێندنی ئەمساڵی دەركرد.

بڕیار دراوە لە دەستپێكی ساڵی خوێندنی ئایندەدا قەرەبووی قوتابیان بكرێتەوە
ئەمڕۆ چوارشەم سێی حوزەیران، لە نووسراوێكی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، بەمەبەستی پاراستنی خوێندن و قەرەبووی قوتابیان بۆ ئەو بابەتانەی كە بەهۆی سیاسەتی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ناوەندەكانی خوێندن نەتوانراوە سوودیان لێ ببینرێت، بڕیار دراوە لە دەستپێكی ساڵی خوێندنی ئایندەدا قەرەبووی قوتابیان بكرێتەوە.

ڕوون كراوەتەوە، لە دەستپێكی ساڵی خوێندنی 2020 بۆ 2021 قەرەبووی قوتابیانی بنەڕەتی و ئامادەیی و پەیمانگەكان دەكرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاكان و یەكە ئیدارییەكان، ڕادەسپێرن بۆ دید و وەرگرتنی پێشنیار و بۆچوونی سەرپەرشتیارانی پسپۆڕانی بواری پەروەردە، تا پلانێك بۆ ڕێكەوتی یەكی ئاب ئامادە بكەن.

ئەو بڕیارەی پەروەردە لە كاتێكدایە بۆ ئەمساڵی خوێندن بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بڕیارێك دەرچوو تاقیكردنەوەكان نەكرێـن تەنیا بۆ پۆلی 12ـی ئامادەیی و نۆی بنەڕەتی نەبێت.




وشە - رامیار جەواد