رێژەی قوربانیانی كۆرۆنا لە كوردستان لە سێ رۆژی رابردوودا 100% هەڵكشاوە و هێندەی سێ مانگی رابردوو خەڵك بە كۆرۆنا مردوون. لە دوو هەفتەی رابردووشدا ژمارەی ئەو كەسانەی لە نەخۆشخانەكان پێویستیان بە چاودێری هەیە، 11 هێندە بەرز بووەتەوە و لە زیادبوونی ژمارەكە و گەیشتن بە قۆناغێك نەخۆشخانەكان توانای وەرگرتنی نەخۆشیان نەمێنێت هۆشداری دەدرێ.
هەڵكشانی خێرای ئاماری تووشبووان و قوربانیانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، ئاماژەی زۆر مەترسیدارن و ئەگەر خەڵك هوشیار نەبێت و رەچاوی 100%ی رێنوێنییەكانی تەندروستی نەكەن، دەبێ چاوەڕێی مردنی ئازیزانیان بن.
هێشتا زۆر لە هاووڵاتییان هەستیان بە مەترسییەكانی كۆرۆنا نەكردووە
لەكاتێكدا ئاماری تووشبووانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بە خێرایی رووی لە هەڵكشانە، هێشتا زۆر لە هاووڵاتییان هەستیان بە مەترسییەكانی كۆرۆنا نەكردووە و لە بڕیارەكانی حكوومەتیش لە راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و كەرەنتین بێزارن.
هەرێمی كوردستان بەرەو خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی كۆرۆنا دەڕوات و گرنگترین ئامرازی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆناش لەم قۆناغەدا، تەنیا هۆشیاری هاووڵاتییانە. بەر لەوەی قەدەغەی هاتوچۆ رابگەیەنرێت، "وشە" لە بەدواداچوونێكی مەیدانیی بۆی دەركەوت زۆربەی هاووڵاتییان هیچ ترسێكیان بەرانبەر كۆرۆنا نییە و گوێ بە رێنوێنییەكانی تەندروستیش نادەن. هەر لە ناو بازاڕی شێخەڵا ئەو ئەنجامە روون بووەوە كەمتر 1%ی هاووڵاتییان دەمامك بەكار دەهێنن.
بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تەنیا لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا واتە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان لە 710 حاڵەتەوە بۆ 849 حاڵەت بەرز بووەتەوە، ژمارەی قوربانیانیش لە حەوت حاڵەتەوە بۆ 14 حاڵەت هەڵكشاوە. ئەمەش لەكاتێكدایە ئەو چەند رۆژی قەدەغەی هاتوچۆ لەئارادا بووە.
لە ماوەی سێ رۆژدا ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنا لە كوردستان 100% هەڵكشاوە.
بەوپێیە لە ماوەی سێ رۆژدا ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنا لە كوردستان 100% هەڵكشاوە. ئەوەندە هاووڵاتییەی لە ماوەی ئەو سێ رۆژەدا مردوون، هێندەی ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنایە لە كوردستان لەوەتەی ئەو ڤایرۆسە سەری هەڵداوە.
پێویستە بگوترێ ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا بەراورد بە دوو هەفتەی رابردووش لە كوردستان دوو هێندە هەڵكشاوە. لە 19ی ئایار كۆی ژمارەی تووشبووان لە كوردستان 424 حاڵەت بوو كە تەنیا 36 كەس لە نەخۆشخانەكان مابوون، بەڵام ئاماری ئەمڕۆ چوارشەم بریتییە لە 849 حاڵەت و ژمارەی ئەوانەش لە نەخۆشخانەكان چاودێری دەكرێن، بۆ 401 كەس بەرز بووەتەوە و رێژەكەی 11 هێندە هەڵكشاوە.
ئەگەر هەمان رەوتی تووشبوون بە كۆرۆنا بەردەوام بێت، ئەوا لەماوەی چەند هەفتە و مانگی داهاتوو نەخۆشخانەكانی كوردستان ناتوانن چیتر نەخۆش وەربگرن و خەڵك دەبێ هەر لە ماڵەكانیان چاوەڕێی مردنی ئازیزانیان بكەن.
تاكە چارەسەریی خۆپاراستن و جێبەجێكردنی رێنوێنییەكانی تەندروستییە.
بڕیارە دوكان و بازاڕەكان دووبارە بكرێنەوە و ئەمەش بەركەوتەكان زۆر زیاتر دەكات و تاكە چارەسەریی خۆپاراستن و جێبەجێكردنی رێنوێنییەكانی تەندروستییە.
دكتۆر كارزان شێخ موحسین بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ "وشە"، باسی لە مەترسییەكانی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا كرد و گوتی، جۆری ئەم ڤایرۆسە لەگەڵ شەپۆلی یەكەم جیاوازە و بەو پێیە كوشندەترە و قوربانی زیاتری لێ دەكەوێتەوە.
وەك زیاتر خستیەڕوو، كاتێك ڤایرۆسی كۆرۆنا دەچێتە ناو لەشی كەسێك، ڤایرۆسەكە خۆی لەگەڵ لەشی مرۆڤ دەگونجێنێت و كاتێك بۆ لەشی كەسێكی تر دەگوازرێتەوە، ئەوا باشتر دەتوانێت بەرگریی لەش بشكێنێت و مرۆڤەكە تووشی كێشەی تەندروستی بكات هەمان ڤایرۆس كە بۆ كەسی سێیەم و دەیەم و سەدەم دەگوازرێتەوە كاریگەرییەكانی زۆر مەترسیدارتر دەبن.
زۆر لەوانەی تووشی دەبن، نازانن لە كوێ تووشی ڤایرۆسەكە بوون
بە بۆچوونی ئەم توێژەرە، پێشتر لە هەرێمی كوردستان سەرچاوەكان دیار بوون و زنجیرەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە لە كۆنترۆڵدا بوو، بەڵام ئێستە بەم شێوەیە نییە و حاڵەتی شاراوە هەیە و زۆر لەوانەی تووشی دەبن، نازانن لە كوێ تووشی ڤایرۆسەكە بوون، بۆیەش پێشبینی دەكرێ رێژەكە بەرز ببێتەوە، بۆیەش پێویستە بە هەموو هەوڵ و توانایەك حكوومەت و لایەنە پێوەندیدارەكان لەسەر هوشیاركردنەوەی خەڵك كار بكەن و ئەو متمانەیە بۆ خەڵك بگەڕێننەوە و پێیان بسەلمێنن ئەم نەخۆشییە مەترسیدارە.
ئەوەی ئەو پسپۆڕە لێی نیگەرانە ئەوەیە، توانای هەرێمی كوردستان لە چاودێریكردنی نەخۆشانی كۆرۆنا سنووردارە و لەوانەیە شوێنی بۆ ژمارەیەكی زۆری نەخۆش هەبێت، بەڵام شوێنی بۆ ژمارەیەكی زۆری ئەو نەخۆشانە نییە پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستكرد هەیە. نموونەی ئەوە باس دەكات كە دەكرێ بەشە ناوخۆییەكان و یاریگاكان ئامادە بكرێن بۆ وەرگرتنی نەخۆشی كۆرۆنا، بەڵام كۆی ژمارەی ئامێرەكانی هەناسەدانی دەستكرد دەگاتە 400 دانە و ئەگەر ژمارەیەكی زۆری نەخۆش پێویستیان بە ئامێرەكە بێت، ئەوا ناتوانن بۆیان دابین بكەن و لەوكاتەشدا ژمارەی قوربانیان بەرز دەبێتەوە.
ئەو رەخنە لە بەشێك لەو رێوشوێنانە دەگرێت كە پێشتر حكوومەت بۆ لابردنی كەرەنتین گرتیەبەر و گوتی، كاتی خۆی كە كەرەنتین لادرا، داوایان كرد قۆناغ بە قۆناغ بكرێتەوە، بەڵام خێراتر لە حاڵەتی ئاسایی كراوە، بۆیەش بەركەوتە زیاتر بوو و حاڵەتی نوێی كۆرۆنا تۆمار كران.
دواین رێنوێنیی ئەو پسپۆڕە ئەوەیە خەڵك لە هەموو روویەكەوە هوشیار بكرێنەوە و گرنگترین دەرمانی رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكە خۆپارێزی و جێبەجێكردنی رێنوێنییەكانی تەندروستییە.