ئیسرائیل هێرشی كردە سەر عێراق

:: AM:09:40:19/04/2024 ‌
دوای هێرشەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر ئێران، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل هێرشیان كردووەتە سەر دوو گرووپی نزیك لە ئێران لە بەغدا و بابل.

ئەمڕۆ هەینی 19ـی نیسان، رۆژنامەی "جورزالیم پۆست"ی ئیسرائیلی بڵاوی كردووەتەوە، سوپای ئیسرائیل لەگەڵ هێرشەكەیدا بۆ سەر بنكەی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە نزیك شاری ئەسفەهان، چەند بارەگایەكی سەربازیشی لە هەردوو پارێزگای بابل و بەغدا لە عێراق و پارێزگای سوەیدا لە سووریا ئەنجامداوە، بەڵام تا ئێستە زیانەكانی ئاشكرا نەكراون.

بەشێك لە میدیاكانی عێراقیش بڵاویان كردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەغداد دەنگی سێ تەقینەوە بیستراوە و لە ناوچەی نەهر ئیمامیش لە پارێزگای بابل دەنگی تەقینەوەیەك بیستراوە، بەڵام تا ئێستە هێزە تەناهییەكان و لایەنەكانی عێراق هیچ زانیارییەكیان لەبارەی هۆكاری تەقینەوەكانی بەغدا و بابل بڵاو نەكردووەتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ مووشەك و فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل ئەسفەهانی ئێرانیان ئاگرباران كرد، چەند ناوچەیەكی ئەو شارە بەهۆی هێرشی پێچەوانەی ئیسرائیلەوە دەنگی تەقینەوەی بەهێزی لێ‌ بیستراوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە هێرشەكەی ئیسرائیل لە ڕۆژی لەدایكبوونی "خامنەیی"دا بووە و وەك دیارییەكی ڕۆژی لەدایكبوون لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ خامنەیی گوزارشتی لێ دەكرێت.


وشە - رامیار جەواد