كامیل ژیر كۆچی دوایی كرد

:: AM:11:55:30/04/2024 ‌
كامیل ژیر سیاسەتمەدار و نووسەر و شاعیری كورد، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد.

كامیل نیزامەدین جەلال ناسراو بە كامیل ژیر لە 20/12/1934 لە سلێمانی لە دایك بووە. دەرچووی كۆلێژی مافە لە بەغدا، خاوەنی خەڵاتی جوانترین هۆنراوە بۆ بەهاری كوردستان و خەڵاتی یەكێتیی ئەدیب و نووسەرانی كورد و خەڵاتی وەزارەتی رۆشنبیریی كوردستان، خەڵاتی بزاڤی رۆشنبیری و خەڵاتی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، خەڵاتی رۆژنامەی خەبات و خەڵاتی پێشمەرگە و خەڵاتی رێكخراوی كوردستان دیالۆگە.

لە ساڵی 1967 هاوسەرگیریی لەگەڵ نەجات مەعرووف كردووە و خاوەنی چوار منداڵن كە ئەوانیش چیا، چرا، ئارا و شاران. لە بواری سیاسی ئەندامی حزبی شیوعیی عێراقی بووە، لەو بڕوایەوە كە كورد لەو ڕێیەوە دەگاتە مافی چارەنووسی خۆی، بەهۆی چالاكییەكانی لەو حزبە و ڕێكخراوەكانیدا، چەندان جار گیراوە.

دامەزرێنەر و ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵەی ئازادی و ژ‌یانەوە و یەكێتیی كورد (كاژ‌یك) بووە كە بۆ ماوەی 15 ساڵ لە خەباتی نهێنی و ژ‌ێرزەوینیدا بووە. ئەمڕۆ كامیل ژیر لە تەمەنی 90 ساڵی لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد.


وشە - رامیار جەواد