هەڵكەوت زاهیر گۆرانییەك بۆ كچێكی سووری دروست دەكات

:: PM:01:14:02/05/2024 ‌
هونەرمەند هەڵكەوت زاهیر گۆرانییەك بۆ هونەرمەندێكی تری عەرەب دروست كردووە، گۆرانییەكە گۆرانییەكی كۆنی سوورییە و پێشتر فوئاد تۆفیق گوتوویەتیەوە.

لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" هەڵكەوت زاهیر گوتی، سارا خەتیب كچە هونەرمەندێكی سوورییە و لە ئەوروپا نیشتەجێیە، پێشتریش چەند گۆرانییەكی گوتووە، بەچەندان زمان گۆرانی دەڵێت.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەو گۆرانییەی ئەو بۆی نوێ كردووەتەوە، گۆرانییەكی كۆنی سوورییە و پێشتر هونەرمەندی دیاری سووری فوئاد تۆفیق گوتوویەتی.

ئەوەشی گوت، دواتر بەرهەمی تریشی دەبێت كە هەر من بۆی دەكەم، رەنگە لە ئایندەشدا گۆرانیی كوردی بۆ دروست بكەم، چونكە خۆیشی ئارەزووی ئەوەی هەیە گۆرانیی كوردی بڵێتەوە.

هەڵكەوت زاهیر باسی لەوەش كرد، سارا خەتیب پێشتریش لەگەڵ ئەو كاری كردووە و لەگەڵ هاوڕێكانیدا چەندان گۆرانیی بۆ ئامادە كردووە.

سارا خەتیب پێشتر بەشداریی ئاهەنگەكانی كردووە و بەردەوام گۆرانیی گوتووە، بەڵام لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی هونەرمەندێكی تازەیە، لە ماوەی پێشتریشدا بەشداریی فێستیڤاڵی شاریقەی كردووە و خۆیشی موزیكژەنە. وەك هەڵكەوت زاهیر دەڵێت رۆشنبیریی هونەریی بەرزە.





وشە - سۆران عەزیز