دوو بەرپرسی تری حەماس لە غەزە كوژران

:: PM:10:01:10/08/2024 ‌

دوای سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا، ئیسرائیل تەواو دەستی كرایەوە و ئەوەی دەیەوێت دەیكات، دوای كوشتنی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەكتەبی سیاسیی حەماس لە تاران و فوئاد شوكر، دووەم كەسی ناو حزبوڵای لبنانی لە باشووری بەیرووت، دوێنێ بەرپرسێك و ئەمڕۆش دوو بەرپرسی تری باڵای حەماسی كوشت.

ئەمڕۆ لە هێرشێكی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل لە كەرتی غەزە دوو بەرپرسی باڵای بزووتنەوەی حەماس كوژراون، ئەوانیش هەریەك ئەحمەد حتە و ئەحمەد عەتائوڵان، ئەوە لەوكاتەی ئەمڕۆ ئیسرائیل رای گەیاند كە شەوی رابردوو لە هێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر باشووری كەرتی غەزە، وەلید سووسی، سەرۆكی دەزگەی ئاسایشی گشتیی بزووتنەوەی حەماسی كوشتووە.

ئەمە و بەیانیی ئەمڕۆ شەموو سوپای ئیسرائیل قوتابخانەی تابعینی لە كەرتی غەزە بۆردمان كرد، بەو هۆیەوە نزیكەی 100 كەس كوژران و زیاتر لە 50ش بریندار بوون، ژمارەیەكیان دۆخیان سەختە، ئیسرائیل دەڵێت گرووپە چەكدارەكان خۆیان لەناو هاووڵاتییان حەشار داوە لە قوتابخانە و نەخۆشخانە و خێوەتی ئاوارەكان، لە بۆردمانەكەی ئەمڕۆش 19 چەكداری حەماس و جیهادی ئیسلامیان كوشتووە، ئەوان بنكەیەكی سەركردایەتیی سەربازییان لەوێ كردووەتە ئامانج.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل