ئیسرائیل لیستی ناو و وێنەی کوژراوانی قوتابخانەکەی بڵاو کردەوە

:: AM:09:50:11/08/2024 ‌
هێرشەکەی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەیەک کە بووە هۆی کوژرانی سەرووی 100 کەس لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نارەزایەتییەکی زۆری بەدواوە بوو بەڵام ئیسرائیل دەڵێت بنکەیەکی سەربازیی حەماس بووە و 19 کەس لە ئەندامانی حەماس و جیهادی ئیسلامی کوشتووە.

سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە ئەوەی هەندێک میدیای جیهانی لەبارەی ئەو هێرشە باسی دەکەن راست نییە، ئەوان دوو ناوەندی گرینگی تیرۆریستییان کردووەتە ئامانج کە لەناو مزگەوتێکی قوتابخانەی تابعین دامەزرابوو.

هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەو بەیاننامەیە دامەزراوەی ئاسایشی ناوخۆیی ئیسرائیل لیستێکی بڵاو کردەوە کە ناو و وێنەی 19 کەسی تێدابوو و ئاماژەیدابوو ئەوانە بەهۆی هێرشەکە کوژراون و سەرجەمیان لە ئەندامانی حەماس و جیهادی ئیسلامین.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلیش بڵاوی کردەوە لە کاتی ئەو هێرشەدا بەرپرسێکی باڵای جیهادی ئیسلامی بە ناوی ئەشرەف جەودە لەو قوتابخانەیە بووە بەڵام تا ئێستە دڵنیا نین ئەو کوژراوە یان نا.

حەماس خەڵکی فەلەستین وەک قەڵخان بەکار دەهێنێت
بەگوێرەی دۆیچەوێلە، ئیسرائیل پێی وایە حەماس خەڵکی فەلەستین وەک قەڵخان بەکار دەهێنێت و تەواوی ناوەندە سەربازییەکانی خۆی لە نێو قوتابخانە و شوێنی حەوانەوەی خەڵکدا داناوە.

دوێنێ هەر یەک لە میسر و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و تورکیا، فڕەنسا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا ناڕەزایەتیی خۆیان سەبارەت بە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەکە دەربڕی و هاوکات کۆشکی سپیش لەم رووەوە نیگەرانی خۆی پێشان دا.

لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە جەنگ بە دەستپێشخەریی حەماس دەستی پێ کردووە و تا ئێستە سەرووی 42 هەزار کەس لەم جەنگەدا کوژراون و سەرووی 80 هەزار کەس بریندار بوون.


وشە - سلێمان تاشان