ئێران لە ناوچەسنوورییەکانی کوردستان مانۆڕی سەربازی بەڕێوە دەبات

:: PM:03:54:11/08/2024 ‌
بەرپرسێکی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رای گەیاند لە ناوچە سنوورییەکان دەستیان بە مانۆڕی سەربازی کردووە و بۆ ماوەی پێنج رۆژ ئەو مانۆڕە درێژەی دەبێت.

مراد باباخانی یاریدەدەری سیاسیی قایمقامی قەسری شیرین بە میدیاکانی گوت ئەوەی دەکرێ تەنیا مانۆڕە و پێویست ناکات دانیشتووانی قەسری شیرین لەم رووداوە نیگەران بن.

هەرچەندە بەرپرسانی ئێران بەردەوام هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکەن و دەڵێن تۆڵەی خوێنی ئیسماعیل هەنییە دەستێننەوە بەڵام لەو ماوەیەدا مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران هەوڵی داوە خامنەیی و بەرپرسانی باڵای سەربازی لە هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل سارد بکاتەوە و پێی گوتوون ئەگەر ئیسرائیل وەڵام بداتەوە ئەوا ژێرخانی وزە و پڕۆژەکانی تریان دەکرێنە ئامانج و زیانێکی زۆر بە ئابووری ئێران دەگات.

زیانێکی زۆر بە ئابووری ئێران دەگات.
وەک پێشتریش تەلەگراف ئاشکرای کردبوو پزیشکیان پێشنیاری کردووە بە قسەی خۆی ناوەندەکانی ئیسرائیل لە ئازەربایجان و کوردستان بکرێنە ئامانج.

ئێران پێشتر هەرێمی کوردستانی چەند جارێک بە هەمان بیانوو کردووەتە ئامانج و لە دواین هێرشیدا ماڵی پێشڕەو دزەیی وەبەرهێنەری ناسراوی هەولێری کردە ئامانج کە بەهۆیەوە خۆی و منداڵێکی و میوانێکی و چەند خزمەتکارێکی گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکی تر لە ئەندامانی خێزانەکەی بریندار بوون.

کۆماری ئیسلامی بەهۆی ئەو دەستدرێژییەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رووبەڕووی شەرمەزارییەکی زۆر بووەوە و تەنانەت هاوپەیمانەکانی لە عێراقیش ئەو کارەیان سەرکۆنە کرد و لینەکانی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی دەزگا تەناهییەکانی عێراق هیچ بەڵگەیەکیان نەدۆزیەوە کە تۆمەتەکەی ئێران بسەلمێنێت.



وشە - سلێمان تاشان