لەدوای كوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران و فوئاد شوكر، كەسی دووەمی حزبوڵای لبنانی لە بەیرووت لەلایەن ئیسرائیلەوە، تا ئێستە ئێران و میلیشیاكانی هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی دەكەن، شرۆڤەكارێك باسی ئەوە دەكات كە ئێران و میلیشیاكانی سەیری یەكتر دەكەن، ئەوان لەنێوان شەرمەزاری و ترسدا دوودڵن و خەریكە وێنەیان لەبەرچاوی یەكتر بچووك دەبێتەوە.
جابر رەجەبی، شارەزا لە كاروباری ئێران دەڵێت، ئێران بە پلەی یەك میلیشیاكانی لە ناوچەكە بۆ پاراستنی خۆی لە مەترسییەكان دروست كردووە، دووەم بۆ بەكارهێنانیان وەك كارتی گوشار لە دانوستانەكان لە ناوچەكە و دنیا، سێیەمیش بۆ دروستكردنی گوشار و كاریگەری لەسەر وڵاتانی ناوچەكە لە رێگەی ئەوانەوە.
بەپێی ئەو شارەزایە لە ساڵانی رابردوو ئێران تا ئاستێك هەرسێ ئامانجی خۆی پێكاوە، خۆی لە چوونە ناو شەڕی راستەوخۆ پاراستووە، سوودی لە میلیشیاكان وەك كارتێكی سەركەوتوو لە دانوستانەكان بینیوە و دەستكەوتی هەبووە، لە وڵاتانی ناوچەكەش وەك عێراق و سووریا و یەمەن و لبنان لە رێگەی میلیشیاكانییەوە ئامانجی خۆی بەدی هێناوە و خۆی بەسەر سیاسەتی ناوخۆی ئەو وڵاتانە سەپاندووە.
رەجەبی دووپاتی كردەوە، بەڵام دوای 7ی ئۆكتۆبەر، كە پێم وایە بڕیارێكی تەواو ئێرانی بوو، هاوكێشەكە توزێك گۆڕا، ئێران نەیتوانی خۆی لە ململانێكان بەدوور بگرێت و ئاگری شەڕەكەی پێ گەیشت، لە دانوستانەكانیش كارتی میلیشیاكان وەك پێویست جێی خۆی نەگرت، تەنانەت سیاسەتی ناوخۆی وڵاتانی ناوچەكەش خەریكە لە باڵادەستیی تاران دوور دەكەونەوە و وەك ئەوە نییە ئێران خواستی لەسەرە.
ئەو شارەزایە پێی وایە كە دوای رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی ئێران لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل، خەریكە گومان لای میلیشیاكان سەبارەت بە هێز و توانای سەربازی و تەناهیی تاران دروست دەبێت، خەریكە ئەو وێنەی لای ئەوان دروستی كردبوو دەشێوێت، وای لێ هاتووە میلیشیا بەهێزەكانی وەك حزبوڵای لبنانی بەرپرسیارەتی وەڵامدانەوەی ئێران نەگرنە ئەستۆ و دەڵێن پێویستە ئێران خۆی وەڵام بداتەوە، بۆیە پێویستە ئێران شكۆی خۆی لەبەردەم میلیشیاكانی بسەلمێنێت، چونكە دوای هێرشەكانی ئیسرائیل ورەیان گەیشتووەتە نزمترین ئاست.