لە كەرتی غەزە شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بەردەوامە، قوربانی سەرەكیش خەڵكە سیڤیلەكەیە كە تیایەتی چوارجار ئاوارە بووە و نازانێت بۆ كوێ بچێت، جیا لەوەی كۆتایی شەڕەكە و ئامانجی لایەنە شەڕكەرەكان دیار نییە و بێباكن و سازش بۆ یەكتر ناكەن بۆ ئاگربەست و رێككەوتن، فەلەستینییەكان لەناو نەهامەتیدا ناتوانن و نازانن چی دەگوزەرێت و رووی گلەیی لەكوێ بكەن و كێ تاوانبار بكەن.
راپۆرتەكانی هەواڵ باسی ئەوە دەكەن هێرشەكەی 7ی تشرینی یەكەمی 2023ی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل تەواو ئێرانی بوو، رەنگە پێوەندیشی بە رووسیاوە هەبووبێت، بۆ وەشاندنی گورزێك لە ئیسرائیل و ئەمەریكا و دروستكردنی لێچوونێكی چەك و ئابووری و پێشاندانیان وەك خەڵك و كۆمەڵكوژ و لابردنی چاوەكان لەسەر خۆیان و ناچاركردنی ئەمەریكا بۆ سووككردنی سزای سەریان و راگرتنی شەڕی ئۆكراینا.
سەرەڕای هەموو ئەوەی دەگوزەرێت، جارێكی تر كەسانێك وڵاتەكەی خۆیان كردە گۆڕەپانی ململانێیەكی نەبڕاوەی ناوچەكە و خەڵكی خۆیان كردە قوربانیی رقی دوژمنەكانیان، دوێنێ ئیسرائیل لە قوتابخانەیەكی پڕ لە ئاوارە لە كەرتی غەزە نزیكەی 100 فەلەستینی كوشت و زیاتر لە 50 شی بریندار كرد، جیا لەوەی ژمارەی كوژراوانی فەلەستینی تا ئێستە لە 40 هەزار كوژراو نزیك دەكاتەوە، وای كرد ئەو ئاوارانەی لەوێن جارێكی تر سەریان هەڵبگرن و ئاوارە ببنەوە.
ئیسرائیل دەڵێت چەكدارانی حەماس و گرووپەكانی تر لەو كەمپانە لەناو خەڵك خۆیان حەشار داوە، ئەو داوای لە گەڕەكی جەلا لە باشووری غەزە كردووە ناوچەكە چۆڵ بكەن، جیا لە چەند ناوچەیەكی خان یوونس، دووەم گەورە شاری غەزە، ئەمڕۆ سەتان خێزان ناوچەكەیان جێهێشت، ژنێك بەناوی ئەمەل، كە دایكی سێ منداڵە و هاوسەری كوژراوە، باسی خۆی دەكات كە چوار جار ئاوارە بووە، دواجار چوونەتە كەمپی مەواسی، بەڵام هیچ شوێنیان بەدەست نەكەوتووە، ئێستەش گەڕاونەتەوە ماڵە رووخاوەكەیان لە خان یوونس و دەڵێت نازانین بۆ كوێ بچین.
رەمەزان، باوكێكی تەمەن 50 ساڵیی پێنج منداڵە، خۆی و 17 ئەندامی خێزانە گەورەكەی لە خان یوونس هەڵاتن و روویان لە ناوەڕاستی غەزە كرد، دەڵێت، هەرجارێك روو لە شوێنێك دەكەین بۆردمان دەكرێین، نازانین چ بكەین.
هۆكاری ئەوەی روودەدات ئەو راوەدوونانەی ئیسرائیلە بۆ حەماس لەناو تونێلەكان، وای كردووە زۆرینەی دانیشتووانی غەزە كە 2.3 ملیۆن كەسن، ئاوارە ببن، جیا لە كردنەوەی سەتان كەمپی ئاوارەیی بۆیان، بەڵام ئەوان بەهۆی بۆردمانەكانەوە لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر دەچن و وەك خۆیان دەڵێن نازانن بۆ كوێ بچن.