حزبی سیادە: رووداوەكانی شەوی رابردوو نایاسایی و نادەستووری و كودەتا بوون

:: PM:09:56:11/08/2024 ‌

دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە بەغدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزاوی بابلیوون و ژمارەیەك ئەندامی كۆمەڵەی عەرەبی پۆستەكانی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیان دوور لە سازان و رێككەوتنی هەموو هێز و پێكهاتە براوەكان دابەش كرد، حزبی سیادە دەركردنی ئەندامێكی خۆی بەشدار لەو كۆبوونەوە راگەیاند، سەركردەیەكی ئەو حزبەش دووپاتی كردەوە كە ئەوەی شەوی رابردوو رووی دا نایاسایی و نادەستووری و كودەتا بوو. 

خالید مەفەرجی، پەرلەمانتاری پێشوو و سەركردە لە لقی كەركووكی حزبی سیادە رای گەیاند، خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە بڕیاری دەركردنی ئیبراهیم محەمەد حافز، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكی لە حزبەكە داوە، چونكە ئەو لە ریزی عەرەبی جیا بووەتەوە و بەدوای سوود و بەرژەوەندیی كەسی و پۆست دوور لە رێنوێنییەكانی فراكسیۆنەكەی كەوتووە. 

زیاتر گوتی، دوای پەرەسەندنەكانی دوایی كە محەمەد ئیبراهیم حافز، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك پابەندی رێنوێنییەكانی فراكسیۆنەكەی نەبووە كە بەشێك بوو لە بارستەی عەرەبی بە هەر شەشە ئەندامیان لە ئەنجوومەنی كەركووك، بۆیە بەهۆی پابەندنەبوونی بە رەوت و كاری حزبەكە، خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە بڕیاری دا بە دەركردنی لە ریزەكانی ئەو حزبە.

مەفەرجی دووپاتی كردەوە، ئەوەی شەوی رابردوو لە دانیشتنە نهێنییەكە كراوە كارێكی نایاسایی و نادەستووری و كودەتا بوو لەسەر شەرعیەت، ئەوەی رووی دا پرۆسەی وەرگرتنی پۆست بوو بەرانبەر بە بە بەركەوتەكان كە پێكهاتەی عەرەبی بەدەستی هێناوە و بە شەش كورسی لە پلەی یەكەم بوون.

ئەو سەركردەی حزبی سیادە ئاماژەی كرد، ئەوەی رووی داوە شكست دێنێت، چونكە كۆدەنگیی عەرەبی و كوردی و توركمانی لەسەر نییە، یەكێتی بە رێككەوتن لەگەڵ جیابووەوەكان لە ئەندامانی عەرەب تاكڕەوانە دەسەڵاتی گرتە دەست و هەر ئیدارەیەكی دوور لە سازان كە عەرەبە هەڵبژێردراوەكان و بەرەی توركمانی و پارتی دیموكراتی كوردستانی تیادا نەبێت، شەرعیەتی نییە و تەنیا بریتییە لە دابەشكردنی دەسەڵات و لەناو دەچێت.   

شەوی رابردوو كۆبوونەوەیەك لە هوتێل رەشید لە ناوچەی سەوزی بەغدا بە ئامادەبوونی فراكسیۆنەكانی یەكێتی و بزاوی بابلیوون و ژمارەیەك ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ساز كرا، ئەو كۆبوونەوە دوور لە بەشداریی پارتی و بەرەی توركمانی و ژمارەیەك ئەندامی كۆمەڵەی عەرەبی بەڕێوە چوو، تیایدا بەشداران تاكڕەوانە و بێ گەڕانەوە بۆ سازان پارێزگاریان دیاری كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل