ئیسرائیل ئەمەریكای ئاگادار كردووەتەوە كە ئێران تا پێنجشەم هێرشەكەی ئەنجام دەدات

:: AM:09:20:12/08/2024 ‌
چاودێرانی سیاسی و سەربازی باس لەوە دەكەن كە ئایا هێرشە چاوەڕوانكراوەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بەرلە دانوستانەكانی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەبێ یان لە دوای دانوستانەكە؟ بەڵام لەلایەكی تریشەوە باس لەوە دەكرێ كە ئیسرائیل ئەمەریكای ئاگادار كردووەتەوە كە تا پێنجشەمی داهاتوو، ئێران هێرشەكەی ئەنجام دەدات.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 12ی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، وێڕای ئەوەی هێرشە چاوەڕوانكراوەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل درێژەی كێشا كە ئەوەیش مەترسییەكانی زیاتر كردووە، بەڵام وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، وەزیری بەرگریی ئەمەریكای ئاگادار كردووەتەوە كە ئێران بۆ هێرشەكەی سەعات سفری داناوە و تا پێنجشەمی داهاتوو 15ی ئاب، بە ئەگەرێكی زۆرەوە هێرشەكەی ئەنجام دەدات.

دوو سەرچاوەی ئاگادار لە ئیسرائیل بۆ پێگەی ئەلیكترۆنیی "ئەكسیۆس" بۆ هەواڵ رایان گەیاندووە، بە ئەگەرێكی زۆر بەرلەوەی دانوستانەكانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 15ی ئاب دەست پێ بكات، ئێران هێرش دەكاتە سەر ئیسرائیل و بۆ ئەوەیش سەعاتی سفری خۆی داناوە.

بەرپرسێكی تری ئیسرائیل بۆ پێگەكە ئەوەی ئاشكرا كردووە، یواڤ گالانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بە تەلەفۆن هاوتا ئەمەریكاییەكەی لوێد ئۆستن ئاگادار كردووەتەوە، ئێران بە تەواوی ئامادەكاریی بۆ هێرشەكەی كردووە كە چاوەڕوان دەكرێ هێرشەكە توند بێت، بۆیە ئیسرائیل بەهەموو شێوەیەك ئامادەی بەرگریكردنە.

لەلایەكی تریشەوە هەر ئەمڕۆ بات رایدەر گوتەبێژ بەناوی بنتاگۆن رای گەیاند، لوێد ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمەریكا فەرمانی دا، كەشتیی "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵن" كە دەیان فڕۆكەی جەنگیی "ئێف 35 سی"ی هەڵگرتووە، بە زووترین كات بگاتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوەیش بەهۆی مەترسیی هێرشەكانی ئێران و حزبوڵایە بۆ سەر ئیسرائیل.

هاوكات رایدەر رای گەیاندووە كە دوێنێ گفتوگۆی لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەكەی یواڤ گالانت كردووە و پێی گوتووە، وێڕای كەشتییە جەنگییەكە، ئەمەریكا ژێردەریایی "یو ئێس ئێس جۆرجیا"ی گەیاندووەتە ناوچەكە. ئەو ژێردەریاییە هەڵگری دەیان مووشەكی پێشكەوتووە.

دوای ئەوەی لە 31ی تەمووزی رابردوو ئیسرائیل لە ناو تارانی پایەتەخی ئێران، ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس كردە ئامانج و كوشتی، ئێران بڕیارەی داوە بۆ تۆڵەكردنەوەی هەنییە، هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل.

لە حەوتی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكاستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.

لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە، لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین. دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش، باس لە كوژرانی زیاتر لە 41 هەزار فەلەستینی دەكات و زیاتر لە 80 هەزار كەسیش بریندار بوون.

لەلایەكی ترەوە بەپێی دوای ئاماری ئیسرائیل نزیكەی هەزار و 500 كەس كوژراون. زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل پێوەندی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماس هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران و لەو كاتەوە تەنیا 81 بارمتەیان ئازاد كراون.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د