"حكوومەتی پێكهێنراوی كەركووك نوێنەرایەتیی هەموو پێكهاتە براوەكان ناكات"

:: PM:05:34:12/08/2024 ‌

دوای ئەوەی لە 10ی ئەنم مانگە لە دانیشتنێكی كتوپڕ بە ئامادەبوونی نوێنەرانی یەكێتی و بابلیوون و ژمارەیەك ئەندامی عەرەب لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دیاری كران، ناڕەزایەتی لەلایەن عەرەب و توركمان و پارتی بەرانبەر بە كۆبوونەوەكە و ئەنجامەكانی لەزیادبوونە، سكاڵا لە دادگای فیدراڵی تۆمار كراوە و چاوەڕوانی بڕیاری دادگاكەن.

سەلوە مەفرەجی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە بارستەی عەرەبی دەڵێت، ئەوەی كراوە تاكڕەوی بوو لە پێكهێنانی حكوومەتی كەركووك بەشێوەیەك كە نوێنەرایەتیی پێكهاتە براوەكانی پارێزگاكە ناكات، پێكهاتەی عەرەبی كە خاوەنی شەش كورسی بوون و پارتی دیموكراتی كوردستانیش خاوەنی دوو كورسی و بەرەی توركمانی دوو كورسی، قبووڵیان نەكرد لایەنی بەرانبەر فەرامۆش بكەن و بێ ئەوان دانیشتن ساز بكەن و پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن دیاری بكەن، وەك ئەوان لە دانیشتنێك كە كات و شوێنی دیار نەبوو كردیان.

روونی كردەوە، بۆیە هەر ئەنجامێكی دانیشتنە نایاساییەكە رەت دەكەینەوە و چاوەڕوانی بڕیاری دادگای ئیداری و دادگای فیدراڵین لەبارەی یاساییبوونی دانیشتنەكەی بەغدا.  

ئەمڕۆ مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، هەر دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كەركووك، تێبینیمان هەبوو كە ئەنجامەكان دەرخەری ئیرادەی راستەقینەی دانیشتووانی كەركووك نین، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كەركووك و رەچاوكردنی دۆخی شارەكە و كۆی پرۆسەی سیاسی چاوپۆشیمان كرد.

زیاتر گوتی، لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان چەندان كۆبوونەوە كران، لە دوایین كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك بارزانی دووپات لەوە كرایەوە كە پێویستە چارەسەرەكان بە ئاراستەی رەچاوكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركووك و لە چوارچێوەی سازان و كۆدەنگیی نیشتمانیدا بێت، بۆچوونی جەنابی سەرۆك ئەوە بوو بۆ دڵنیایی هەموو لایەك، پارێزگارێكی كورد و بێلایەن دیاری بكرێت، كە لەلایەن هەموو لایەنە براوەكان پەسند بێت، رێككەوتن كرا كە پارێزگاری كەركووك بەشێوەی خولی بێت، ئەو پێداگر بوو لەوەی كە دەبێ یەكەمجار بۆ كەسێكی كورد بێت.

گوتەبێژی پارتی دووپاتی كردەوە، ئەوەی لە رۆژی 10ی ئاب لە هۆتێل رەشید لە بەغدا بۆ دانانی پارێزگار و حكوومەتی خۆجێیی كەركووك رووی دا، بەبێ ئاگەداركردنەوەی هەموو لایەنەكان و لە غیابی نوێنەرانی توركمان و بەشێك لە عەرەب و پارتی كراوە، یاسایی نییە و كێشەی هەیە و لەسەر رێیەكی دروست نییە و ناتوانێت ببێتە چارەسەرێكی دروست بۆ تێپەڕاندنی كێشەكانی شاری كەركووك، چارەسەر ئەوەیە تاكڕۆیی نەكرێت و هەموو لایەك بە نیازپاكییەوە و لەپێناو خزمەتكردنی خەڵك لە بەڕێوەبردنی كەركووكدا بەشدار بن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل