دوور لەوەی شارەزایان ئاماژە دەكەن كە ئێران لەنێوان دوودڵی و ترس لە فرەوانبوونی بازنەی شەڕ و پێویستیی وەڵامدانەوە گیری خواردووە و بەدوای وەڵامدانەوەیەك دەگەڕێت نەبێتە هۆی توڕەكردنی ئەمەریكا، هەندێكی تر پێیان وایە دواخستنی وەڵامدانەوەكە دوو ئامانجی لەپشتە، هێوربوونەوەی دۆخەكە و ئامادەكردنی بۆ وەڵامێكی سنوودار، زیادكردنی گوشاری دەروونی لەسەر ئیسرائیل، ئەمەریكا جارێكی تر دووپات لە بەرگریكردن لە ئیسرائیل دەكاتەوە.
لەناو ئەو
راپۆرتانەی باسی ئەوە دەكەن ئەمەریكا هێزێكی زۆری سەربازی هێناوەتە ناوچەكە و ئەگەری زۆرە لەكاتی هێرشێكی فرەوان بۆ سەر ئیسرائیل بەتوندی ئێران و میلیشیاكانی و دامەزراوە گرنگەكانیان بكاتە ئامانج، جەنەراڵ پاتریك رایدەر، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا رای گەیاند كە وڵاتەكەی بۆ وەڵامدانەوەی هەر سیناریۆیەك هەڕەشە لە ئیسرائیل بكات ئامادەیە.
زیاتر گوتی، ئێمە بۆ وەڵامدانەوەی هەر سیناریۆیەك لەدژی ئاسایشی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەكانمان بۆ ئێران و میلیشیاكانی ئامادەین، بۆ ئەو مەبەستەش بەبەردەوام چاودێریی پەرەسەندنەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەین، هەوڵ دەدەین ئاڵۆزییەكان كەم بكەینەوە و چەندان هەنگاومان بۆ بەهێزكردنی ئیسرائیل و ئامادەسازی بۆ بەرگری لێكردنی وەرگرتووە.
رایدەر دووپاتی لەوەش كردەوە كە پنتاگۆن هیچ شتێك لەبارەی ئەگەری وەشاندنی گورزێكی پێشوەختە لەلایەن ئیسرائیل بۆ ئێران و میلیشیاكانی لە لبنان و یەمەن و عێراق و سووریا بەهۆی هەڕەشەكانی ئەوانەوە ناڵێت.