بڕیارە ئەمڕۆ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەسەردانێكی فەرمی سەردانی شاری كەركووك بكات و لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكە كۆ ببێتەوە و گوێ لە داواكارییەكانی خەڵكی شارەكە بگرێت.
ئەمڕۆ سێشەم 12تی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، محەمەد خورشید بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆی بەسەردانێك دەگاتە شاری كەركووك.
بەرپرسی لقی سێی پارتی دەڵێت، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەكانی شاری كەركووك بە عەرەب و توركمانەكانیش كۆ دەبێتەوە بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگەداربوون لە داواكارییەكانیان.
خورشید ئاشكرای دەكات بارزانی لە شاری كەركووك، وتارێكی تایبەتی دەبێت تا سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكە نەبینێت لە كەركووك دەمێنێتەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ دەكات.
رۆژی حەوتی حوزەیران/ یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەر وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بەجۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.