وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وردبینی لە پلەی ئەفسەرانی وەزارەتەكەی دەكات و هەر كەسێك بە نایاسایی پلەی وەرگرتبێت، لێی دەسەندرێتەوە. هاوكات خولی سەربازیی شەش مانگی دەكاتەوە و هەر ئەفسەرێك بەشداری نەكات، پلەكەی نامێنێت و تا ئێستەیش 200 ئەفسەر پلەكەیان لێ وەرگیراوەتەوە.
لە دوای شەڕی داعشەوە، وەزارەتی پێشمەرگە حكوومەتی هەرێم بە هاوكاری ئەمەریكا و وڵاتانی هاوپەیمان، سەرقاڵی ڕێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیە و لەو چوارچێوەیەشدا وردبینی لە پلەی ئەفسەرانی سەربە وەزارەت دەكرێت و هاوكات خولی سەربازییان بۆ دەكرێتەوە. بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتەكە، ئەو هەوڵە بۆ نەهێشتنی جیاكاری و لابردنی هەوڵە نایاسایییەكانە بۆ ئەوەی ئەفسەر و پلەداران بە پلە و ئەزموون و ماوەی یاسایی خۆیان، پلەی سەربازی وەربگرن.
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، لە وەزارەتی پێشمەرگە بڕیار دراوە هەر كەسێك پلەی سەربازی هەبێت، دەبێت لە نێوان شەش مانگ بۆ ساڵێك خول ببینێت و ئەوانەی بەشداریی خولەكان نەكەن، پلەكانیان لێ وەردەگیرێتەوە.
بەپێی زیانیارییەكانی بەردەست "وشە"، ساڵی رابردوو بەرزكردنەوەی پلەی نزیكەی هەزار و 500 ئەفسەر ڕەت كراوەتەوە لەبەرئەوەی خولی سەربازییان نەبینیوە. یاوەر لەوبارەیەوە گوتی، "لە ماوەی ڕابردوودا رێوشوێنمان گرتووەتە بەر و ئەوانەی پلەی ئەفسەرییان هەبووە و بەشداریی خولیان نەكردووە، یان راگیراون یان پلەكانیان لێ وەرگیراوەتەوە".
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لە سەرچاوەیەكی ناو وەزارەتی پێشمەرگەوە وەریگرتووە، تا ئێستە زیاتر لە 200 ئەفسەر پلەی سەربازییان لێ وەرگیراوەتەوە كە تیایاندا بووە بەشداریی خولی سەربازیی نەكردووە و ئەوەیش هەبووە بە نایاسایی پلەكەی پێ دراوە.
شیلان جەعفەر سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوە دا كە ئەو خولانەی وەزارەتی پێشمەرگە لە دوولاوە گرنگن، یەكەم بە یاساییكردنی پلەی ئەفسەران لە ڕووی سەربازییەوە، دووەمیش خاوێنكردنەوەی پلەی زیادە لەوانەی لە ماڵەوە دانیشتوون و پلەی بەرزیشیان هەیە و هیچ شارەزایییەكی سەربازییان نییە.
بەرزكردنەوەی پلەی پێشمەرگە بەگوێرەی پلەكانیان لە نێوان سێ ساڵ بۆ چوار ساڵ تا دەگاتە شەش ساڵ جارێك دەبێت، لە كاتێكدا لە ساڵی 2015ـەوە بە بڕیاری وەزارەتی دارایی، پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران ڕاگیراوە، بەڵام ئەو بڕیارە وەزارەتی پێشمەرگەی نەگرتووەتەوە.
"وردبینییەكە لەسەر داوای پەرلەمان و خواستی وەزارەتی پێشمەرگە بووە بۆ ئەوەی لیستی ئەفسەران و پلەكانیان سەرجەمیان شایستە بن و كەس بەهۆی حزب و پێوەندیی تایبەتەوە پلی بەرز وەرنەگرێت". شیلان جەعفەر وای گوت.
نەگونجانی تەمەن لەگەڵ پلەكان، ئەفسەرانی بێ میلاك، لەگەڵ هەندێك ئەفسەر كە دەرچووی زانكۆن، بەڵام بەشداریی خولی سەربازییان نەكردووە، لە هۆكارە سەرەكییەكانی لێسەندنەوەی پلەكان و كردنەوەی خولەكانن.
قادر وەتمان ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ "وشە"ـی ڕوون كردەوە، ئەو هەوڵە چاكسازییانەی وەزارەتی پێشمەرگە بە خواستی هێزە هاوپەیمانەكان و وەزارەتی پێشمەرگە بووە و لەو ڕووەشەوە وەزارەت هەنگاوی باشی بڕیوە.
هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ساڵی 2014 تا 2017 شەڕی داعشی كرد و كوردستانی پاراست, هەزار و 812 شەهید و 10 هەزار برینداری دا.
وەتمان نایشارێتەوە كە "تێبینی دەكەین جیاوازی لە نێوان ئەفسەران دەكرێت، بەڵام بە گشتی هەر چاكسازییەك لە سلكی سەربازیدا گرنگە و پێویستە پشتگیری بكرێت."
وشە/ سلێمانی- هەستی كەمال