مەسروور بارزانی كۆمەڵێك بڕیاری گرنگی بۆ سلێمانی و ڕاپەڕین و گەرمیان دا

:: PM:03:23:08/08/2024 ‌
دوای ئەوەی ڕۆژی 30ی حوزەیرانی 2024، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانێكی گرنگی بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە كرد، لەو سەردانەدا وێڕای دانانی بەردی بناغەی سایلۆی هەڵەبجە، لە نزیكەوە دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی دەڤەرەكە ئەنجام دا، جیا لەوانەش چەندان دیدار و كۆبوونەوە و گفتوگۆی رووبەڕوو و ڕاشكاوی لەگەڵ بەشێك لە دانیشتووانی ناوچە جیاجیاكانی هەردوو پارێزگا و یەكە كارگێڕییەكاندا ساز دا.

لەو دیدار و كۆبوونەوانەدا، بەرپرسانی ئیداریی پارێزگاكان و هاووڵاتییان، باسیان لە كێشە و كەموكوڕی و گرفتەكانی ناوچەكانیان كرد و چەند داواكاری و پێشنیاریان پێشكەش بە سەرۆكی حكوومەت كرد.

سەرۆكی حكوومەت بە وردی گوێی بۆ داوكارییەكانیان گرت و بەڵێنیشی دا كە ئەوەی لە توانای حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بێت بۆ خزمەتكردنی خەڵكی ئەو دوو پارێزگایە و شارۆچكە و شارەدێ و گوندەكانی، جێبەجێی دەكات.

لەمبارەیەوە سەرۆكی حكوومەت چەندان بڕیاری گرنگی لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و گەرمیان دا.
كە ئەمانەی خوارەوە پوختەی ئەو بڕیارانەیە:

پارێزگای سلێمانی:
چارەسەركردنی كیشەی میلاكات و دامەزراندنی فەرمانبەری نوێ
- بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناهاوسەنگی ڕێژەی فەرمانبەران و ئاسانكاریی ڕێكارەكان بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیی میلاكات و بەرزكردنەوەی كارایی داودەزگاكانی حكوومەت لەو ناوچانە، سەرۆكی حكوومەت ڕەزامەندیی لەسەر ئەوە داوە كە هەریەكە لە پارێزگاری (سلێمانی و هەڵەبجە) و (ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین) دەسەڵاتی دەركردنی (فەرمانی گواستنەوەی ڕاژە) و (تەنسیب) یان پێ دەدرێ بۆ ماوەی دوو ساڵ، بۆ فەرمانبەرانی فەرمانگە حكوومییەكان لە پسپۆڕییە جیاوازەكان جگە لە ڕاژەی سەربازی، ئەم فەرمانە وەزارەتەكانی پێشمەرگە و پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ناگرێتەوە.

- ڕەزامەندی درا لەسەر دامەزراندنی (١٧٧) فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست لە پسپۆڕیی جیا و لە فەرمانگە و داودەزگای جیاواز، بەم شێوەیە (٥) فەرمانبەری بواری یاسایی بۆ دیوانی قایمقامییەتی شارۆچكەی مەڵبەندی سلێمانی، (٥٢) ڕووپێوكار و فەرمانبەریit ئایتی لەسەر میلاكی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی، (٨٠) فەرمانبەر لەسەر میلاكی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی، (٥) فەرمانبەر بۆ بنكەی ژینگەی بازیان، (٣٥) فەرمانبەر بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.

- ڕەزامەندی درا بە گۆڕینی بڕوانامە و ناونیشانی ژمارەیەك لە فەرمانبەر گرێبەستەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی.

پێدانی دەسەڵات
- ڕەزامەندی درا لەسەر تەرخانكردنی ڕێژەی ٣٠٪ لە داهاتی پارێزگای سلێمانیی ئاماژە پێكراو (دیوانی پارێزگا و كاروباری هونەری) بە مەبەستی دابینكردنی پێداویستییە جۆراوجۆرەكان و جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییە پێویستە بچووكەكان لە سنووری پارێزگاكەیان و پێدانی دەسەڵات بە پارێزگاری سلێمانی، بە مەبەستی خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە .

- ڕەزامەندی درا كە دەسەڵاتی ئیفاد بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ماوەی (٣٠) ڕۆژ بدرێت بە پارێزگای سلێمانی، ئەمەش تەنیا بۆ فەرمانبەرانی ناو پارێزگای سلێمانی و یەكە كارگێڕییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، بەمەرجێك پلە یان لە خوار (بەڕێوەبەری گشتی) بێت.

- ڕەزامەندی درا بە پێدانی دەسەڵات بە پارێزگای سلێمانی بۆ بەكارهێنانی هۆڵە حكوومییەكانی سنووری پارێزگا، بێ بەرانبەر بۆ ئەو چالاكی و بۆنانەی كە بە پشتیوانیی پارێزگا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

- نووسراو ئاراستەی وەزارەتی پلاندانان كراوە تایبەت بەپێدانی دەسەڵاتی دیاریكردنی شێوازەكانی گرێبەستكردن بە (پارێزگار) بۆ هەموو ئەو كەمكردنەوانەی كە گوژمەی خەمڵێنراویان تا بڕی یەك ملیار دینارە.

زیادكردنی پێشینە
- ڕەزامەندیی درا لەسەر زیادكردنی پێشینەكانی پارێزگای و سلێمانی و قایمقامییەتەكان لە (١٨٣,٠٠٠,٠٠٠) ملیۆن دینار بۆ (٣١٩,٠٠٠,٠٠٠) دینار.
- زیادكردنی پێشینەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی، لە (٢١٠,٠٠٠,٠٠٠) ملیۆن دینارەوە بۆ (٣٥٠,٠٠٠,٠٠٠) ملیۆن دینار.

دابینكردنی پێداویستییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و دامەزراندنی كەسانی پسپۆڕ

- ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی بڕی (٥٢٢,٢٠٨,٠٠٠) پ دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بە مەبەستی ئەنجامدانی ڕووپێوی فڕۆكەوانی كە لەلایەن كۆمپانیای (CGX)  فڕەنسی دابین دەكرێت.

- ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی بڕی (٦٨٩٠٠) دۆلار بۆ كڕینی ئامێری (X-RAY) جۆری (HS6040- zis) لە بریكاری سەرەكیی كۆمپانیای(Smith Detection)  بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.

- ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی بڕی (٦,٠٠٠,٠٠٠) ملیۆن دۆلار بە مەبەستی دابینكردنی پێنج ئامێر و ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە و ڕزگاركردن بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.

- ڕەزامەندی درا لەسەر دابینكردنی (٢٣) ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.

هێنانەكایەی فەرمانگەی نوێ و مۆڵەتپێدان
- ڕەزامەندی درا لەسەر هێنانە كایەی (بنكەی ژینگەی بازیان) كە سەربە فەرمانگەی ژینگەی پارێزگای سلێمانی دەبێت.

- ڕەزامەندی درا بە پێدانی دەسەڵات بە پارێزگای سلێمانی بۆ بەكرێدان و نوێكردنەوەی سێ بەنزینخانە لە سنووری پارێزگاكە كە دەكەونە شارەكانی (دەربەندیخان، عەربەت و ڕانیە) بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی پارێزگای سلێمانی.

- رەزامەندی درا بە گواستنەوەی شارەوانی تووەسپی كە هەردوو گوندی (كانی گۆران و فەیاڵ) دەكەوێتە سنوورەكەی، لە سنووری شارەوانییەكانی دەوروبەری سلێمانی بۆ ناو سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری و چارەسەركردنی كێشەی تەملیكردن.

- ڕەزامەندی درا لەسەر چارەسەركردنی ئەو خانووانەی كە بە زێدەڕۆ دروست كراون لە سنووری شارەوانی سلێمانی، بە ڕاییكردنی مامەڵەكانیان بۆ ئەو داواكارییانەی تا ٩/٩/٢٠٢٢ وەرگیراون .

- نووسراو ئاراستەی سكرتاریەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە بە مەبەستی خستنە ناو كارنامەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی پاژەكردنی (قیست) ئەو پارەیەی كە لە زێدەڕۆكار وەردەگیرێت لە بڕی خەمڵاندن و تۆماركردن بەناویانەوە (بدل التملیك).

دابینكردنی ئۆتۆمبێل و پێداویستی و كەلوپەل
- ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی بڕی (٤٠٠,٠٠٠, ٥,٠١٣) دینار وەك وەفری پڕۆژەكانی پارێزگای سلێمانی، بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و كڕینی كەلوپەل و پێداویستییەكانی فەرمانگەكان.

- ڕەزامەندی درا لەسەر دابینكردنی (١٥) ئۆتۆمبێل بۆ قایمقامییەتەكان و بەڕێوەبەرایەتیی شارەدێكانی سنووری پارێزگای سلێمانی.

- دابینكردنی (١٤)ئامێری گەورە لە جۆرەكانی (حادیلە – گەلابە- كاسحەی بەفر – شۆفل- قاشتە) بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی.

- بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتی كەڵەكەبوونی قەرزی بانگەوازكردنی پارێزگا لە ڕۆژنامەكاندا، ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی بڕی (٢٢) ملیۆن دینار بۆ پارێزگای سلێمانی.

دابینكردنی سووتەمەنی
بە مەبەسەتی دابینكردنی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیكراو بۆ فەرمانگە خزمەتگوزارییە حكوومییەكانی هەرێم، نووسراو ئاراستەی وەزارەتی نەوتی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بە مەبەستی دابینكردنی سووتەمەنی بۆ سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان بە نرخی پشتیوانیكراوی فەرمیی عێراقی فیدراڵ.

لێرە بڕیارەكانی تایبەت بە سلێمانی ببینە: نووسراوی بڕیارەكانی پارێزگای سلێمانی

پارێزگای هەڵەبجە
تەرخانكردنی ڕێژەیەك لە داهات و زیادكردنی پێشینە

- رەزامەندیی دراوە لەسەر تەرخانكردنی رێژەی ٢٠٪ی داهاتی دەروازە سنوورییەكانی پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئیدارەی پارێزگاكە و پێدانی دەسەڵات بە پارێزگای هەڵەبجە بۆ خەرجكردنی ئەو رێژەیە لە چوارچێوەی رێسا و رێنوێنییەكان بۆ خزمەتكردنی ناوچەكە، بە مەرجێك ساڵانە پلان بەرز بكرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هاوئاهەنگیكردن و پەسندكردنی.

- ڕەزامەندی درا لەسەر زیادكردنی پێشینەكانی دیوانی پارێزگا و قایمقامییەتەكان و شارەدێكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە (٥٦) ملیۆن دینار بۆ (١٣٤) ملیۆن دینار.

- پێدانی دەسەڵات بە پارێزگا و قایمقامییەتەكان بۆ خەرجكردنی پیشینەی كتوپڕ .

كردنەوەی فەرمانگەی نوێ و بەفەرمیكردنی دەروازەی سنووری (مەرزی سازان).

- نووسراو ئاراستەی لایەنە پێوەندارەكانی حكوومەتی فیدراڵ كراوە بەمەبەستی بەفەرمیكردنی (مەرزی سازان) لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و بكرێتە مەرزێكی فەرمی. ئەمەش یەكێك بوو لە داواكارییە گرنگەكانی بەرپرسانی ئیداری و خەڵكی ناوچەكە.

- لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەت بڕیار دراوە (بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی هەڵەبجە) لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بكرێتەوە و میلاكی بۆ دەستنیشان بكرێت .

دامەزراندنی فەرمانبەر و پڕكردنەوەی میلاك
ڕەزامەندی درا لەسەر دامەزراندنی (٥٢) فەرمانبەر بەشێوەی گرێبەست لە پسپۆڕییە جیاوازەكان بۆ دیوانی پارێزگای هەڵەبجە و قایمقامییەتەكانی و شارەدێكان.

كڕینی ئۆتۆمبێل
بڕیار درا بە دابینكردنی (٢٣) ئۆتۆمبێلی پێویست بۆ دیوانی پارێزگای هەڵەبجە و قایمقامییەتەكان و شارەدێكانی سنوورەكە.

 لێرە بڕیارەكانی تایبەت بە پارێزگای هەڵەبجە ببینە: نووسراوی بڕیارەكانی پارێزگای هەڵەبجە

ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین
زیادكردنی خەرجی و پیشینە

- ڕەزامەندی درا لەسەر زیادكردنی خەرجی كتوپر و پێشینانەكانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و هەردوو قایمقامییەتی شارۆچكەی رانیە و پشدەر و شارەدێكان لە بڕی (٠٠٠, ٣٧,٣٠٠) ملیۆن دینار بۆ (٠٠٠, ٩٩,٠٠٠) ملیۆن دینار.

دامەزراندن و میلاك
- ڕەزامەندیی درا لەسەر دامەزراندنی (٤٣) فەرمانبەر بەشێوەی گرێبەست و بەپێی پسپۆڕییە داواكراوەكان لەسەر میلاكی دیوانی ئیدارەی راپەڕین و هەردوو قایمقامییەتی شارۆچكەكانی رانیە و پشدەر و شارەدێكان.

دابینكردنی ئۆتۆمبێل
- ڕەزامەندیی درا لەسەر دابینكردنی (١٣) ئۆتۆمبێل بۆ سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، قایمقامییەتی رانیە، قایمقامییەتی پشدەر، شارەدێكانی سەركەپكان و سەنگەسەر و بێتواتە و حاجیاوا.

لێرە بڕیارەكانی تایبەت بە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین ببینە: نووسراوەكانی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان :
زیادكردنی پێشینە

- زیادكردنی پێشینە و خەرجی باری لەناكاوی ئیدارەی ڕاپەرین قایمقامییەتەكان لە (٠٠٠, ٢٦,٠٠٠) ملیۆن دینار بۆ (٠٠٠, ٧٨,٠٠٠) ملیۆن دینار.

دامەزراندن و میلاك
ڕەزامەندیی درا لەسەر دامەزراندنی (١٣٣) فەرمانبەر بەشێوەی گرێبەست و بەپێی پسپۆڕییە داواكراوەكان لەسەر میلاكی دیوانی ئیدارەی راپەرین، هەردوو قایمقامییەتی شارۆچكەكانی كەلار و كفری و شارەدێكانی سنووری ئیدارەكە و هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی شارەدێی قۆرەتوو و مەیدان.

یەكلاكردنەوەی كێشەی زەویی سندووقی
- نووسراو بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوە كە لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، دەسەڵات دراوە بە وەزارەتی شارەوانی بۆ ماوەی یەك ساڵ تا كێشەی ئەو زەوییانە یەكلا بكاتەوە لە سنووری گەرمیان كە بە (زەویی سندووقی) ناسراون و دەكەونە نێوان دوو خانوو، تۆماری سەربەخۆیان نییە، بەڵام لە نەخشەی شارەوانی بە (زەویی چۆڵ) داخل كراون بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لێی سوودمەندبن.

پێدانی زەوی بۆ كەسە شایستەكانی ناوچە كوردستانییەكان
نووسراو بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوە كە لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، ڕەزامەندیی درا بە پێدانی دەسەڵات بە وەزارەتی شارەوانی تا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان زەوی بۆ میراتگری شەهیدان و ئەنفالكراوان و راگیراوانی سیاسی و ڕزگاربووانی شاڵاوی ئەنفالی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دابین بكات كە ژمارەیان (٢٧٤) كەسە بۆ ئەوەی لە شوێنی شیاو زەوییان پێ بدرێت.

دابینكردنی ئۆتۆمبێل
بڕیار درا بە دابینكردنی (٣٥) ئۆتۆمبێل بۆ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و قایمقامییەتی كەلار و قایمقامییەتی كفری و شارەدێكانی سنووری ئیدارەی گەرمیان، بۆ مەبەستی لیژنەی تەناهی و لیژنەی چاودێری.

مۆڵەتی بەنزینخانە
- ڕەزامەندیی درا لەسەر پێدانی مۆڵەت بە سێ بەنزینخانە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان.

پڕۆژە
- ڕەزامەندیی درا لەسەر گواستنەوەی (٣٩) پڕۆژە لە بودجەی پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاكانی هەرێم بۆ سەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتە پَوەندیدارەكان بە مەبەستی وەگەڕخستنەوەیان.

- پێدانی دەسەڵات بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان تا بڕی (١) ملیار دینار.




وشە - رامیار جەواد