بە نوێنەرایەتیی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پارێزگاری هەولێر لە تەندرووستیی مام ئیسماعیلی باوکی سێ ڕۆڵەی شەهیدی گوندی خدرجیجەی پرسییەوە
ئەمشەو هەینی، نۆی ئایار، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە نوێنەرایەتیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە نزیکەوە لە نەخۆشخانە سەردانی مام ئیسماعیل، باوکی سێ کوڕی شەهیدی گوندی خدرجیجەی دەستی داعشی سنووری قەزای مەخمووری کرد.
لەمیانەی سەردانەکەیدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر سڵاو و رێزی مەسروور بارزانی گەیاندە مام ئیسماعیل و ماڵباتی شەهید و تەواوی ئامادەیی سەرۆکوەزیرانی بۆ چارەسەری پێویست نیشاندا و باوکی سێ کوڕی شەهیدی گوندی خدرجیجە سوپاس و پێزانینی خۆی لە رێگەی پارێزگاری هەولێرەوە گەیاندە سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و هەڵوێست و وەفای سەرۆکوەزیرانی بەرزنرخاند.
لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2021، تیرۆریستانی داعش پەلاماری گوندی خدرجیەیان لە سنووری قەزای مەخموور و لە بناری چیای قەرەچووغ دا، لە ئەنجامدا 13 کەس لە هاووڵاتیانی گوندەکە و پێشمەرگە و لە نێویشیاندا سێ کوڕی مام ئیسماعیل کە ئازایانە بەرگریان لە گوندی خدرجیجە کرد، شەهیدبوون.