ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە بەغدا كۆ دەبێتەوە

:: AM:09:54:10/08/2024 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ لە بەغدا، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆ ببنەوە و سەرۆكی ئەنجوومەنەكە و پارێزگاری كەركووك و جێگرەكانی بێنە هەڵبژاردن.

ئەمڕۆ شەموو 10ـی ئاب، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكەوە دەست "وشە" كەوتووە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا، بەهەمان سیناریۆی هەڵبژاردنی پارێزگاری دیالە، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆ دەبێتەوە.

لە كۆبوونەوەكەا سەرۆك و جێگرەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگار و جێگرەكەی دێنە هەڵبژاردن.

بەگوێرەی زانیارییەكان، تا ئێستە لە نێوان لایەنە كوردییەكان هیچ رێككەوتنێك نەكراوە، بەڵام یەكێتی ژێربەژێر ڕێككەوتنی لەگەڵ توركمان و بەشێك لە عەرەبەكان كردووە.

ئەو كۆبوونەوەیە لە كاتێكدایە بەپێی ئەو كاتەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دیاری كردبوو، پێویستە پێش 11ی ئاب، پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا بێنە هەڵبژاردن.

باس لەوەش دەكرێت یەكێتی رازی بووە یەك ساڵ پارێزگار وەربگرێت سێ‌ ساڵەكەی تر بۆ عەرەب و توركمان بێت، بەمەیش بە یەكجاری ئەو شارەی رادەستی عێراق و عەرەب كرد.



وشە - رامیار جەواد