یەكێتی چوار ملیار دینار بە هەر ئەندامێكی توركمان و عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دا

:: AM:11:37:10/08/2024 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ لە بەغدا، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆ ببنەوە و سەرۆكی ئەنجوومەنەكە و پارێزگاری كەركووك و جێگرەكانی بێنە هەڵبژاردن، چالاكان و رۆژنامەنووسان دەڵێن دەنگدان مامەڵەی پێوە كراوە و دواین نرخ گەیشتە چوار ملیار دینار.

ئەمڕۆ شەموو 10ـی ئاب، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكەوە دەست "وشە" كەوتووە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا، بەهەمان سیناریۆی هەڵبژاردنی پارێزگاری دیالە، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆ دەبێتەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك و جێگرەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگار و جێگرەكەی دێنە هەڵبژاردن.

بەگوێرەی زانیارییەكان كە چالاكان و رۆژنامەنووسان باسی لێوە دەكەن، نرخی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگای كەركووك بۆ هەر ئەندامێك گەیشتە چوار ملیار دینار.

هەرچەندە باس لەوە دەكرێت داوای پارەی زیاتر كراوە و ئەمڕۆ لایەنێك بۆ دەنگدان پاشگەز بووەتەوە لە یەكێتی، بەڵام گفتوگۆ بەردەوامیی هەیە و تا شەو جارێ‌ دیار نییە چی روو دەدات.

ئەو كۆبوونەوەیە لە كاتێكدایە بەپێی ئەو كاتەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دیاری كردبوو، پێویستە پێش 11ی ئاب، پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا بێنە هەڵبژاردن.

باس لەوەش دەكرێت یەكێتی رازی بووە یەك ساڵ پارێزگار وەربگرێت، سێ‌ ساڵەكەی تر بۆ عەرەب و توركمان بێت، بەمەیش بە یەكجاری ئەو شارەی رادەستی عێراق و عەرەب كرد.



وشە - رامیار جەواد