پارتی لەبارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك هاتە دەنگ

:: AM:11:41:10/08/2024 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ لە هۆتێل ڕەشید لە بەغدا، بەهەمان سیناریۆی هەڵبژاردنی پارێزگاری دیالە، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆ دەبێتەوە كە لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك و جێگرەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگار و جێگرەكەی دێنە هەڵبژاردن.

ئەمڕۆ شەموو 10ـی ئاب، حەسەن مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێمە نە بەشێوەیەكی یاسایی و نە بەشێوەیەكی فەرمی ئاگادار نەكراوینەتەوە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، چ لە ناو باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگا و چ لە دەرەوەی باڵەخانەی پارێزگای كەركووك.

بەپێی زانیارییەكان، تا ئێستە لە نێوان لایەنە كوردییەكان هیچ رێككەوتنێك نەكراوە، بەڵام یەكێتی ژێربەژێر ڕێككەوتنی لەگەڵ لە عەرەبەكان كردووە.

ئەو كۆبوونەوەیە لە كاتێكدایە بەپێی ئەو كاتەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دیاری كردبوو، پێویستە پێش 11ی ئاب، پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا بێنە هەڵبژاردن.

باس لەوەش دەكرێت یەكێتی رازی بووە یەك ساڵ پارێزگار وەربگرێت سێ‌ ساڵەكەی تر بۆ عەرەب و توركمان بێت، بەمەیش بە یەكجاری ئەو شارەی رادەستی عێراق و عەرەب كرد.



وشە - رامیار جەواد