وەزیری ڕۆشنبیری كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتیی زانستی لەبارەی جینۆسایدی كوردەوە رێكدەخات

:: PM:01:53:10/08/2024 ‌
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ساڵی دووەم، كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستیی جینۆسایدی گەلی كوردستان و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەب و هونەر و میدیادا ڕێكدەخات.

بەپێی بڵاوكراوەیەكی وەزارەتی ڕۆشنبیری، بڕیارە كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستیی "جینۆسایدی گەلی كوردستان و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەب و هونەر و میدیادا"، لە نیوەی یەكەمی مانگی كانوونی یەكەمی 2024 بەڕێوە بچێت.

 وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بۆ ئەو مەبەستە بانگەواز لە توێژەران و ئەكادیمیانی كورد و بیانی دەكات، بە توێژینەوە زانستییەكانیان بەشداری بكەن. 

بەپێی راگەیەنراوەكەی وەزارەت، تەوەرەكانی كۆنفرانس بریتی دەبن لە جینۆسایدی گەلی كوردستان و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەبدا "چیرۆك، ڕۆمان، شیعر، ئەدەبی زارەكی، وەرگێڕان"، جینۆسایدی گەلی كوردستان و ڕەنگدانەوەی  لە هونەردا  "فیلم،  شانۆ، دراما، موزیك، شێوەكاری"، ڕۆڵی میدیا لە بڵاوكردنەوەی بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەكانی تایبەت بە جینۆسایدی گەلی كوردستان و ناساندنی پرسەكانی.

مەرجەكانی وەزارەت بریتین لەوەی پێویستە توێژینەوە لە سێ هەزار وشە زیاتر نەبێت. سەرچاوەكان بە سیستمی هارڤارد نووسرابن. ڕەچاوی سەرجەم مەرجەكانی توێژینەوەی زانستیی تێدا كرابێت. پێویستە توێژینەوەی بەشداریكردن، پێشتر بڵاو نەكرابێتەوە و بۆ مەبەستی تر بەكار نەهێنرابێت. هەروەها پوختەی توێژینەوە بە زمانی كوردی و ئینگلیزی دەبێت، بۆ ئەو توێژینەوانەی زمانی سەرەكییان ئینگلیزی و عەرەبییە، مەرجە پوختەی بە كوردی لەگەڵ بێت.

توێژینەوەكان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەلایەن هەڵسەنگێنەرانی زانستییەوە، بەگوێرەی پسپۆڕی هەڵدەسەنگێنرێن. دواتر سەرجەم توێژینەوەكان لە توێی كتێبێكدا چاپ دەكرێن و بە دیاری پێشكەش بە توێژەران و میوانانی كۆنفرانس دەكرێت.



وشە - سۆران عەزیز